کوردستان

01:56 - 12/04/2019

یەكێتی بۆ رازیكردنی لایەنەكانی كەركوك دەستگیركراوە عەرەبەكان ئازاد دەكات‌

پەیسەر

میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە، كە هێزەكانی دژە تیرۆری سەر بەیەكێتی نیشتمانی 25 دەستگیركراوی عەرەبی خەڵكی كەركوكیان ئازاد كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دراوە بەپەیسەرپرێس، ئەو هەنگاوەی دژەتیرۆری یەكێتی بۆ رازیكردنی لایەنە عەرەبییەكان‌و لایەنەكانی تری كەركوكە، بۆ ئەوەی لەگەڵ یەكێتی رێكبكەون بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ‌.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی ماوەیەكە دەستی بەگفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكانی كەركوك كردووەو یەكێك لەداواكارییەكانی ئەو لایەنانەش ئازادكردنی ئەو گیراوە عەرەبانەیە، لەكاتی شەڕی داعش لەلایەن دژەتیرۆرەوە دەستگیركراون.

ئەو 25 گیراوەی لای دژە تیرۆر رۆژی هەینی رادەستی هێزە ئەمنییەكانی كەركوك كراوەو زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لەچەند رۆژی تر، چەند گیراوێكی تر ئازاد دەكرێن.

پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشتر لای یەكێتی بوو، بەڵام لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئەو پۆستە درایە راكان سەعید جبوری، كە یەكێتی لەوكاتەوە هەوڵی دەستخستنەوەی ئەو پۆستە دەدات‌و لەو چوارچێوەیەش چەند جارێك دەستپێشخەری بۆ لایەنەكانی كەركوك كردووە.