کوردستان

07:20 - 11/04/2019

پلانێكی مه‌ترسیداری حكومه‌ت ده‌رباره‌ی مووچه‌‌

پەیسەر

حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت موچه‌ بكات به‌ ره‌سیدى بانكی و پلانیشی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران پێداویستییه‌كانیان له‌چه‌ند شوێنێكی دیاریكراو بكڕن، به‌شێكى مووچه‌ به‌ پاره‌ى كاش بدات و به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ به‌ ماسته‌ر كارت.

دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێم فه‌رمانێكی ده‌ركرد بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ حسابی بۆ سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ له‌بانكه‌ بازرگانییه‌كان بكرێته‌وه‌، له‌ئێستادا یه‌كه‌ی ژمێریاری زۆربه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان لیستی فه‌رمانبه‌رانیان ره‌وانه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای بانكه‌كان كردووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند پلانه‌كه‌ی حكومه‌ت به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ ماسته‌ركارت بۆ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دروست بكرێت، به‌ڵام كاتێك چوونه‌ بانكه‌كان سیوله‌ی ته‌واو له‌بانكه‌كان نه‌بێت و به‌شێك له‌پاره‌كانیان به‌نه‌قد وه‌ربگرن و به‌شه‌كه‌ی تریش رێنمایی فه‌رمانبه‌ران بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێگه‌ی ئه‌و ماسته‌ركارته‌وه‌ له‌ سێ بازاری شاره‌كان كه‌ ئامێری تایبه‌تیان تێدا داده‌نرێت پێداویستیه‌كانیان بكرن، هه‌روه‌ها دوو به‌نزینخانه‌ش دیاری بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌رێگه‌ی ئه‌و كارته‌وه‌ به‌نزین و سوته‌مه‌نی بكرن.

به‌پێی زانیاریه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و پلانه‌ سه‌ربگرێت ئه‌وه‌ له‌لایه‌ك جموجوڵی بازار په‌ك ده‌خات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ قۆرخكاریه‌كی گه‌وره‌یه‌ و ئه‌و بازاڕانه‌ش كه‌ دیاری ده‌كرێن له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكه‌وه‌ خاوه‌نداریه‌تی ده‌كرێن.

لای خۆیه‌وه‌ هۆشه‌نگ عه‌بدولره‌حمان راوێژكاری ته‌كنیكی بۆ ته‌كنه‌لۆژیای بانكه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند له‌ئێستادا سه‌رقاڵی دروستكردنی ژماره‌ حسابین بۆ فه‌رمانبه‌ران و هه‌نگاوی دوای ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌كه‌ له‌گه‌نجینه‌كانه‌وه‌ راسته‌وخۆ موچه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر ژماره‌ حسابی فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ له‌بانكه‌ بازرگانیه‌كان.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ره‌نگه‌ له‌هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا بۆماوه‌ی یه‌ك ساڵ پاره‌كه‌ له‌رێگه‌ی بانكه‌وه‌ ده‌بێت و دواتریش ئامێری تایبه‌ت له‌ له‌چه‌ند مۆڵ وبازارێك داده‌نرێت به‌ڵام دواتر ئه‌مه‌ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌، و فه‌رمانبه‌ران به‌شێك له‌پاره‌كانیان به‌كاش پێ ده‌درێت و به‌شه‌كه‌ی تریش ده‌توانن له‌و بازارانه‌ شتی پێ بكڕن.