کوردستان

07:13 - 01/12/2018

بەرهەم ساڵح پڕۆژه‌ی چاكسازی ئاڕاسته‌ی حیزكه‌ی ده‌كات‌

پەیسەر

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بەپرۆژەیەكی چاكسازییەوە گەڕاوەتەوە ناو ململانێ‌ ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی، كە پرۆژەكەی پێشكەشی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بە پەیسەر پرێس، هەفتەی رابردوو لەدواین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بەرهەم ساڵح، ئەو پرۆژەیەی خستووەتە روو، كە تێدا باسی لەئەنجامدامی چاكسازی لەناو یەكێتی كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان پرۆژەكە بۆ گۆڕانكارییە لەئۆرگانەكانی یەكێتی بەتایبەتی رێكخستنەكان‌و ئاشتكردنەوەی ئەو كادرانەی لەیەكێتی نیگەرانن، لەگەڵ كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەسەركردایەتی ‌و مەكتەبی سیاسی.

جاری یەكەم نییە بەرهەم ساڵح، كە جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتییە، پرۆژەی چاكسازی دەخاتە بەردەم مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی، كە پێشتر چەند پرۆژەیەكی بەهاوبەشی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی خستە بەردەم، بەڵام هەموو جارەكان پرۆژەكانی رەتكراونەتەوە.

بەرهەم ساڵح لەساڵی 2016 دوای راگەیاندنی باڵی "ناوەندی بڕیار" لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ دواین پرۆژەی خۆی دایە مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و رایگەیاند حیزبەكەی "پێویستی بەكۆنگرەیەكی بێ تەزویر"ەو ناوەندی بڕیاریش لەپێناو رێكخستنەوەی یەكێتی راگەیەندراوە، كە ئەو پرۆژەشی رەتكرایەوەو دواتر بەو هۆیەوە دەستی لەكاركێشایەوە.

دوای پێشكەشكردنی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی لەجێگری دووەمی سكرتێری یەكێتی، لە 17ی ئەیلولی 2017 دا قەوارەیەكی سیاسی بەناوی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری دروستكردو بەشداری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی كردو دوو كورسی بەدەستهێناو دواتر لە ١٩ی ئەیلولی ٢٠١٨دا گەڕایەوە ناو یەكێتی‌و لەلایەن ئەو حیزبەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندیدكراو لە ٢ ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٨ وەك سەرۆك كۆمار هەڵبژێرا.

لەئێستادا بەرهەم ساڵح دوای گەڕانەوەی بەو پرۆژەیە گەڕاوەتەوە ناو ململانێكانی یەكێتی، كە ئەو ململانێیانە كێشەی گەورەی لەناوخۆی ئەو حیزبە دروست كردووەو كێشەكانیش بەردەوامە، بەو هۆیەشەوە چەندین ساڵە نەتوانراوە كۆنگرە ببەسرێت.

پەیسەر پرێس ئەوەشی زانیوە، كە پرۆژەكەی ئەم دواییەی بەرهەم ساڵح جگە لەباسكردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی باسی ئیدارەدانی پارێزگای سلێمانیش كردووە، كە ناوچە جێنفوزی یەكێتییەو ناوبراو ناڕازییە لەشێوەی بەرێوەبردنی ئەو ناوچەو داوای گۆڕانكاری دەكات.