کوردستان

03:10 - 11/04/2019

گۆڕان هۆشداری ده‌دات له‌ ده‌نگنه‌دان به‌ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌

پەیسەر

ناكۆكی گۆڕان و یەكێتی لەسەر ماددەیەكی پڕۆژە یاساكە كه‌ ده‌رباره‌ی دوو جێگره‌ به‌رده‌وامه‌ و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش هۆشداری داوه‌ته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و ماده‌یه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی به‌په‌یسه‌ر پرێس دراوه‌، بزوتنەوەی گۆران بەدوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێم رازی نیە و راشیگەیاندووە لە ئەگەری چەسپاندنی ئەو مادەییە دەنگ بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی نادات، لە بەرامبەریشدا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ڕێی فراكسیۆنەكەیەوە ئەوەی راگەیاندووە كە لە نەبوونی دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێم دەنگ بە هەموای یاسای سەرۆكایەتی نادەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بزوتنەوەی گۆران هۆشداری داوەتە پارتی لەوەی كە دووجێگر بۆ سەرۆكی هەرێم بخاتە دەنگدانەوە دەنگی پێنادات و بەو حیزبەی راگەیاند ئه‌و كاره‌ پێچه‌وانه‌ی رێككه‌تنه‌كه‌یانه‌.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هۆشداریانه‌ی گۆڕان یەكێتیش رایگەیاندووە ئەگەر یەك جێگر بخرێتە دەنگدانەوە ئەوە دەنگی پێنادەن و بەئاشكراش هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی رادەگەیەنن.

به‌پێی زانیارییه‌كان لیژنەی یاسایی لەسەرداوای سەرۆكایەتی پەرلەمان، نوسینەوەی راپۆرتی كۆتایی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی دواخستووە، بۆ هەفتەی داهاتوو، و پارتیش دەیەوێت لەرێگە نێوەندگیریەوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات.

سەرچاوەكەی ئاگاداریش به‌ پەیسەرپرێس دەڵێت، یەكێتی دەیەوێت دانانی دوو جێگر لە هەمواری یاساكە بچەسپێننێت و گۆڕانیش دەیەوێت یەك جێگر لەناو پرۆژكەدا بچەسپێنێت و پارتیش پێشنیاری كردووە جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم و یاریدەدەرێك بۆ كاروباری سەربازی لەیاساكە جێگیربكرێت و تا ئەو لایەنانەش نەگەنە رێككەوتن لیژنەی یاسای ناتوانێت راپۆرتی كۆتایی بنوسێت.