کوردستان

07:57 - 10/04/2019

نێچیرڤان بارزانى بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕان‌و یه‌كێتى سه‌ردانى سلێمانى ده‌كات‌

پەیسەر

نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكرات سه‌ردانى سلێمانى ده‌كات‌ و به‌جیا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان‌و یه‌كێتى نیشتمانى كۆده‌بێته‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار دراوه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس، له‌م چه‌ند رۆژه‌ى داهاتوو نێچیرڤان بارزانى به‌ مه‌به‌ستى كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى‌و گۆڕان سه‌ردانى سلێمانى ده‌كات.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى سه‌رچاوه‌كه‌، ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى بۆ پرسى زیادكردنى جێگرێكه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ یه‌كێتى به‌وه‌ رازییه‌و گۆڕانیش به‌وه‌ ناڕازییه‌.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، نێچیرڤان بارزانى بۆ ئه‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ شاندى گۆڕان‌و یه‌كێتى ده‌كات، تا بیانگه‌یه‌نێت به‌رێككه‌وتنێكى ناوه‌ندى كێشه‌ى هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم چاره‌سه‌ربكات.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، پێشتر به‌پێى رێككه‌وتنى 18ى شوبات، پارتى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى بۆ گۆڕان دیاریكردبوو، به‌ڵام دواتر به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى بڕیاریدا جێگرێكى تر بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم زیاتر بكات‌ و بیداته‌ كاندیدى ئه‌و حیزبه‌، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانى گۆڕانى لێكه‌وته‌وه‌.

نیگه‌رانییه‌كانى گۆڕان بووه‌ هۆى دروستبوونى كێشه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت‌ و هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ هه‌موارى یاساكه‌ له‌رۆژى چوارشه‌ممه‌ بۆ كاتێكى نادیار دواخرا.