کوردستان

04:12 - 10/04/2019

هۆكاره‌كانی واژۆ نه‌كردنی رێككەوتنی یەكێتی و پارتی‌

پەیسەر

ئەگەرچی میدیاكانی یەكێتی و پارتی بڵاویانكردەوە كە ئەمرۆ یەكێتی و پارتی رێككەوتنەكەیان واژۆ دەكەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی بزوتنەوەی گۆران نیگەرانە لەپێدانی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی رێككەوتنەكە دواخرا.

دوای له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن، بڕیاربوو دووشه‌ممه‌ی رابردوو پارتی و یه‌كێتی كۆببنه‌وه‌ و رێككه‌وتنه‌كه‌یان واژوو بكه‌ن، به‌ڵام به‌ فه‌رمانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رێككه‌وتنه‌كه‌ دواخرا.

پارتی به‌نیازی ئه‌وه‌یه‌ سیغه‌یه‌كی نوێ بۆ رێككه‌وتنه‌كان بدۆزێته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێشتر داوای له‌ گۆڕان كردبوو رازی بێت به‌ دانانی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم و پێدانی ئه‌و پۆسته‌ به‌ یه‌كێتی به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و داوایه‌ی ره‌تكرده‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ پارتی ئه‌مڕۆش ئیمزاكردنی  رێككه‌وتنه‌كه‌ی دواخست.

به‌پێی زانیارییه‌كان په‌یسه‌ر جگه‌ له‌ نیگه‌رانییه‌كانی گۆڕان له‌ رێككه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی، بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتیش به‌ شێوازی رێككه‌وتنه‌كه‌ نارازین و نیگه‌رانن و هەندێك لەسەركردەكانی پارتیش تێبینیان لەسەری هەیە و پێیان وایە پۆستی زیاتر لەحەجمی راستەقینە دراوە بەیەكێتی.

لای خۆشییه‌وه‌ به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی یه‌كێتی ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه‌ و پێیان باش بووه‌ جارێك رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی واژوو نه‌كرێت تا له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی.