کوردستان

03:56 - 10/04/2019

رونـكردنـەوەكـەی پـارتی بەدڵـی گـۆران نیـە‌

پەیسەر

كێشەی دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێم، بووەتە هۆی راوەستانی پێكهێنانی كابینەی نوێ و پەكسختنی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم , ئەوەش بەهۆی رێكنەكەوتنی  لایەنەكان لەسەر پۆستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و بزوتنەوەی گۆڕان دوایین رونكردنەوەی پارتی دیموكرات رەتدەكاتەوە.

یەكێتی و پارتی لەسەر زیادكردنی جێگر یان یاریدەدەرێك بۆ سەرۆكی هەرێم رێكەوتن، ئەو هەنگاوەش بزوتنەوەی گۆڕانی نیگەران كردو لە كۆبوونەوەكەشیاندا بە وەفدی پارتیان راگەیاندووە ئامادەنین ئەو پێشنیارە قبوڵ بكەن و دژی دانانی  دوو جێگرن بۆ سەرۆكی هەرێم.

دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەفەرمی روونكردنەوەی دەربارەی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری، سەربازی دایە گۆڕا، بەڵام بزوتنەوەكە ئەم پێشنیارە رەتدەكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، پارتی لە رونكردنەوەكەیدا بۆ گۆڕان ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌ كه‌ پۆسته‌كه‌ی یه‌كێتی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم نابێت.

هه‌روه‌ها پارتی گوتویه‌تی به‌ڵكو پۆسته‌كه‌ یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم  و جێگرەكەیه‌تی بۆ كاروباری سەربازی، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان ئەم ڕونكردنەوەیەی قبوڵ نەكردووە و رایگەیاندووە پێچەوانەی رێككەوتنەكەیانه‌ له‌گه‌ڵ پارتی.

بەهۆی رازی نەبوونی بزوتنەوەی گۆرانەوە كۆبونەوەكەی ئەمرۆی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیاربوو بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بەرێوەبچێت دواخرا بۆ هەفتەی داهاتوو.