04:43 - 09/04/2019
لەبارەی پۆستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم پارتی رونكردنەوە دەداتە گۆڕان
پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی بزوتنەوەی گۆران دەداتەوە و دەڵێت، ئەوەی لەسەرۆكایەتی هەرێم دەدرێتە یەكێتی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێمە نەك جێگری سەرۆكی هەرێم.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی بزوتنەوەی گۆڕأنی داوەتەوە كە ئەو پۆستەی لەسەرۆكایەتی هەرێم دەدرێتە یەكێتی لەخوار سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی دەبێت و دەسەڵاتیشی تەنها بۆ رێكخستنی پەیوەندی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی حەفتا و هەشتا لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە دەبێت كە سەرۆكی هەرێمە.
هەروەها ئەوەشی بە گۆران راگەیاندووە ئەو كەسەی دەبێتە یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم تەنها پەیوەندیە سەربازیەكان بۆ سەرۆكی هەرێم رێكدەخات و داواكاریەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی 70 و 80 ش بۆ سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی بەرزدەكاتەوە.
وەڵامەكەی پارتی لەكاتێكدایە یەكێتی لەراگەیاندنەكانەوە بانگەشەی ئەوە دەكات كە جێگری سەرۆكی هەرێمی بۆ كاروباری سەربازی وەرگرتووە سبەینێش لەپەرلەمانی كوردستان دەنگ لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەدرێت و تێیدا ئەوە رووندەكرێتەوە كە ئایە یەكێتی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم وەردەگرێت یان جێگری سەرۆكی هەرێم.
پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان هۆشداری دابوو لە زیادكردنی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم ئەوەی بە پارتی راگەیاندبوو زیادكردنی ئەو پۆستە دژی رێككەوتنی نێوان گۆڕان و پارتییە.