کوردستان

06:43 - 01/12/2018

مەسعود بارزانی لەكێشەناوخۆیەكانی حزبەكەی بێلایەنی هەڵبژارد‌

پەیسەر

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكێشەكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی برازای و مەسرور بارزانی كوری بێلایەنی هەڵبژارد.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بەپەیسەر پرێسی راگەیاند دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی لەمامەڵەی ئەم دوایانەی مەسعود بارزانی نیگەران بووە، مەسعود بارزانی بێلایەنی خۆی راگەیاندووە و ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەو نابێتە بەشێك لەكێشەی نێچیرڤان و مەسرور، مەسعود بارزانی رۆژنوری شاوەیسی راسپاردووە  لیژنەیەك لە مەكتەبی سیاسی پێكبهێنێت و  لەم هەفتەیەدا لەماڵی نێچیرڤان بارزانی كۆبونەوەیەك رێكبخات و مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بەشداری كۆبونەوەكە بن و لەسەر پرسی سەرۆكی داهاتووی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی داهاتووی هەرێم رێكبكەون، بەپێی زانیاریەكانی پەیسەر پرێس مەسعود بارزانی بەشداری كۆبونەوەكە ناكات.


ناكۆكی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەسەرپۆستی سەرۆكی حكومەت دوای ئەوە سەریهەڵدا كە پارتی 45 كورسی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول بەدەستهێنا، لەناوەراستی ململانێی ئامۆزاكانیشدا مەسعود بارزانی سەردانی بەغدای كرد و لەبری نێچیرڤان بارزانی مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆی برد كە ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ پشتیوانی مەسعود بارزانی بۆ كوڕەكەی لێكدرایەوە، و بەهۆیەوە برازاكەی نیگەران بوو.


پێشتر پەیسەر پرێس بڵاویكردەوە كە مەسرور بارزانی رایگەیاندووە ناكرێت كەسێك بكرێتەوە سەرۆكی حكومەت كە 16 ملیار دۆلار قەرزی هێناوەتە سەر هەرێم و بەهۆی سیاسەتەكانی 5 هەزار پرۆژەوەستاوە و موچەخۆران بەشێك لەموچەكانیان تا ئێستاش پاشەكەوت دەكرێت، مەسرور بارزانی بەڵێنی ئەوەشی دابوو كە ئەگەر سەرۆكایەتی كابینەی داهاتووی پێبسپێردرێت ئەوە قەیرانی دارایی چارەسەر دەكات و لاپەرەیەكی نوێش لەگەڵ ئەنكەرە و بەغداد و تاران دەكاتەوە.