02:08 - 09/04/2019
پارتی بە بڕیاری بەشداریپێنهكردنی كۆمەڵ لە كابینەی نوێ دەچێتەوە
دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە گفتوگۆكانی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان داوای بەشدری پێكردنی كۆمەڵی ئیسلامی كردبوو لە كابینەی نوێ، پارتی لە رێی پەیوەندییەكانییەوە ئەوەی بە گۆڕان راگەیاندووە، چاوەڕێی فەرمانی بارزانین بۆ ئەو مەبەستە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە لەكۆبونەوەكەی رۆژی شەممە 6/4/2019 دا بزوتنەوەی گۆران پێداگری لەسەر بەشداری پێكردنی كۆمەڵ لەحكومەت كردووە و لەبەرامبەردا شاندی دانوستانكاری پارتی رایگەیاندووە ئەوان دەسەڵاتی بڕیاردانیان نیە و مەسعود بارزانیش ڤیتۆی لەسەر كۆمەڵ هەیە.
بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە، مەسعود بارزانی لەبەر دوو هۆكار ڤیتۆی لەسەر بەشداری پێكردنی كۆمەڵی ئیسلامی هەیە، یەكێكیان بارزانی پێی وایە كۆمەڵی ئیسلامی بەبێ بوونی بیانویەكی قەناعەتپێكەر لەكابینەی پێشووی حكومەتی هەرێم كشاوەتەوە، هەروەها كۆمەڵی ئیسلامی و ئەمیرەكەی و راگەیاندنەكەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەئاشكرا هێرشیان كردۆتە سەر بارزانی و ریفراندۆمەكەیان بەهۆكاری هەموو كێشەكان وەسف كردووە.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەشڵێت، لە دوای داواكەی گۆڕان و خواستی زوری ئەو بزوتنەوەیە بۆ بەشداریپێكردنی كۆمەڵ چونكە پێیان وابووە بۆ بەرەو پێشبردنی پاكێجی چاكسازی كۆمەڵ پیویستە، وەفدی پارتی لە بڕیاری كۆتایی لەبارەی بەشداریپێكردنی كۆمەڵ پاشگەزبونەتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە لەدوای گەرانەوەی وەفدەكەی پارتی پەیوەندیان بەگۆڕانەوە كردووە و رایانگەیاندووە جارێكی تر گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە دەكەن و چاوەڕێی بڕیاری مەسعود بارزانی دەكەن لەو بارەیەوە.