کوردستان

01:55 - 09/04/2019

وەڵامی پارتی بۆ بەشداریكردنی پێكردنی بزوتنەوەی ئیسلامی له‌ كابینەی نوێ‌

پەیسەر

رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی لە سەردانێكیدا بۆ لای مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی حكومەت داوای پۆستی وەزارەتی ئەوقافی كردبوو لەئەگەری بەشداریپێكردنی بزوتنەوەكەیان، پارتیش دەیەوێت بزوتنەوە بەشداری پێ بكات بەڵام نەك لەسەر ئاستی وەزارەت.

عیرفان عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی رۆژی 8/4/2019 سەردانی مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی كردووە و داوایكردووە بەشداریان پێ بكرێت لەحكومەت و بۆ ئەمەش داوای وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئیسلامی كردووە، لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی رایگەیاندووە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و راسپاردنی بەشێوەی فەرمی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە سەردانی بزوتنەوە دەكات .

 بەپێی ئەو زانیارییەكانی پەیسەر پرێس،  پارتی نایەوێت پۆستی وەزیرێكی كابینەی بداتە بزوتنەوەی ئیسلامی و دەیەوێت لەرێگەی پۆستێكی خوارترەوە بەشداری حكومەتی پێ بكات. هەروەها زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، كە مەسرور بارزانی رابەری بزوتنەوەی بێ ئومێد نەكردووە و هیچ بەڵێنێكیشی پێنەداوە.

بزوتنەوەی ئیسلامی لەچوارچێوەی هاوپەیمانیەتیەكە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 30ی ئەیلولی ساڵی رابردووی كرد بەڵام هیچ كورسیەكی نیە و لەئێستاشدا یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاندووە كە دەیەوێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری حكومەت ناكات.