کوردستان

10:55 - 08/04/2019

واژووكردنی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی دواخرا‌

پەیسەر

بڕیاربوو ئه‌مڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، رێككه‌وتنێكی دیكه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ و چوار ساڵی داهاتووی حكومڕانی واژوو بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی هۆشداری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ دواخرا.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هۆشداریداوه‌ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌گه‌ری واژووكردنی رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی كه‌ پۆستی یاریده‌ده‌ری جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و بریكاری وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان تێدایه‌، به‌وشێوه‌یه‌ ئاماده‌ نیه‌ بچێته‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی بۆ كاتێكی تر دواخرا.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای دواخستنی واژووكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی كردووه‌ و تا ئه‌و كاته‌ی سیغه‌یه‌كی نوێ بۆ رێككه‌وتنه‌كان ده‌دۆزنه‌وه‌ كه‌ به‌دڵی یه‌كێتی و گۆڕانیش بێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی له‌ شاری سلێمانی گۆڕان ئه‌وه‌ی به‌ پارتی راگه‌یاند به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نیه‌ پۆستی جێگر یان یاریده‌ده‌ر بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم زیادبكرێت، كه‌ ئه‌وه‌یان داواكاری وه‌فدی پارتی بوو له‌ گۆڕان له‌سه‌ر خواستی یه‌كێتی.