05:01 - 07/04/2019
گۆڕان لەبارەی نوێنەرەكانییەوە پەیامێك دەداتە پارتی
بزوتنەوەی گۆڕان سورە لەسەر ئەوەی ئەزمونی رابردوو دوبارە نەكاتەوە هەر نوێنەرێكی لە حكومەت بەرنامەكەی جێبەجێ نەكات، لە كابینەكەی داهاتوو دەیگۆڕێت، پارتیش لەم داوایەی گۆڕان ترسی هەیە و بە گۆڕانی راگەیاندووە ترسی لەوە هەیە گۆڕینی وەزیرەكان كێشە بۆ كابینەی داهاتوو دروست بكات.
دوێنێ وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ كۆبوونەوە، بەپێی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەكەدا وەفدی گۆڕان بە وەفدی پارتی راگەیاندووە، ئەوان بە نیازی ئەوەن هەر كاندیدێك و نوێنەرێكی بزوتنەوەكەیان لە كابینەی نوێ پلان و بەرنامەكانی گۆڕان جێبەجێ نەكات دەیگۆڕن.
هەروەها وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەشی بە پارتی راگەیاندووە، كە دەبێت كابینەی نوێ و سەرۆكی حكومەتی داهاتوو هیچ ئاستەنگێك بۆ دورخستنەوە و گۆڕینی وەزیرەكان یان نوێنەرانی گۆڕان نەكات.
لەبارەی وەڵامی وەفدی پارتیەوە بۆ ئەم داواكارییەی گۆڕان، زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كە پارتی ئەوەیان راگەیاندووە كە ترسیان لەوە هەیە گۆڕینی وەزیرەكان كێشە بۆ كارنامەی حكومەت دروست بكات و داوای ئەوەیان كردووە بۆ ئەو چوار ساڵە مۆڵەتی تەواو بدرێت بە سەرجەم وەزیرەكان تا كارنامەكە جێبەجێ بكەن.