کوردستان

01:24 - 06/04/2019

"قایومەكانی ئەردۆغان شارەوانییەكانی باكوری كوردستان تاڵان دەكەن"‌

پەیسەر

دوای شكستهێنانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان توركیا و دووركەوتنەوەیان، بەشێك لە قایومەكان، شارەوانیەكان تاڵان دەكەن، ئەوەش بە پێی لێدوانی هاوسەرۆكی براوەی شارەوانی گەورەی ماردین.

فیگان ئاڵتنداغ هاوسەرۆكی براوەی شارەوانی گەورەی ماردین، لە لێدوانێكی بۆ پەیسەر پرێس لەمبارەیەوە دەڵێت:" دوای دۆراندنیان، شارەوانیەكان تاڵان دەكەن. سێ چوار رۆژە ئەوەی لەناو شارەوانیەكاندا هەیە، وەكو دۆسیە و كۆمپیوتەر پێداویستیەكانی دیكە دەیبەن. والی و پۆلیس لەناو باڵاخانەی شارەوانیەكاندا نارۆن و چۆڵی ناكەن".

دەشڵێ‌: "لەچەند رۆژی داهاتوودا بەڵگەی بردنەوە وەردەگرین و بەچەمكی خزمەتكردن دەستبەكاردەبین. ئەوەی گرنگە سەركەوتین بەسەر قایوم. ئەگەر قایوم دابنێنەوە، ئەو هێزەی جارانی نەماوە تا دەستبەسەر شارەوانیەكاندا بگرێتەوە".

لەبارەی هەڵبژاردنەكانەوە ئاڵتنداغ دەڵێ‌: "سەرەڕای ئەوەی هه‌ده‌په‌ لە رووی ژمارەی شارەوانیەكان لە كورتی داوە، بەڵام خۆشحاڵە بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، ئێمە لە باكووری كوردستاندا هیچ ستراتیژێكمان بۆ هەڵبژاردن نەكێشابوو. ستراتیژی ئێمە خەڵك بوو، بەهێزی خەڵك ئەو سەركەوتنەمان بەدەستهێناوە. پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئێمە زۆر زەحمەت بوو، گوشار هەڕەشە هەبوو، هەموو پێداویستیەكانی كەمپینی هەڵبژاردن لە ئێمە قەدەغە كرابوو. لەگەڵ ئەوەش بە بەراورد لەگەڵ ٢٠١٤ رێژەی دەنگەكانمان زیاتر بوو. سەرەڕای هەموو ناهەقی و نەبوونی هەڵومەرجی یەكسانی هەڵبژاردن سەركەوتنمان بەدەستهێنا".  

له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) سێ شارەوانی گەورە، 5 شارەوانی پارێزگاكان، 43 ناوچە و 11 شارەدێی بردۆتەوە كە كۆی هەموویان 62 شارەوانییه‌. هەروەها هه‌ده‌په‌ توانی هەرسێ شارەوانی گەورەی ئامەد، ماردین و وان كە لەلایەن قایوم دەستی بەسەردا گیرابوو بەدەستبێنێتەوە.