کوردستان

11:38 - 04/04/2019

ناوی ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە ناڕازین بە رێككەوتن لەگەڵ پارتی‌

پەیسەر

ژمارەیەك لەسەركردەكانی یەكێتی لەرێككەوتنی حزبەكەیان لەگەڵ پارتی نیگەرانن و دەشڵێن پەلەپەلی پێوە دیاربووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە ژمارەیەك لەئەندامانی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی لەرێككەوتنی حزبەكەیان لەگەڵ پارتی نیگەرانن و دەڵێن دەبوایە پێش ئەوەی وڵامی پارتی بدرێتەوە رێككەوتنەكە لەئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند پەسەندبكرایە و تێیدا رێككەوتنەكە بەتەواوەتی بۆ ئەندام و لایەنگرانی حزبەكەیان ڕوون بكرایەتەوە.

دەشڵێن، تائێستا هیچ رێككەوتنێكی نوسراو لەنێوان یەكێتی و پارتیدا نیە چۆن فەرمان كرا بەفراكسیۆنی یەكێتی كە بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان بكات؟ چ گرەنتیەك هەیە كە رێككەوتنی دواتری یەكێتی و پارتی مەرجەكانی یەكێتی تێدا دەبێت؟ هەڵوێستی ئەوكاتەی یەكێتی چی دەبێت؟

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، لاهور شیخ جەنگی و بەرهەم ساڵح و بافڵ تاڵەبانی و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەرۆكایەتی باڵی نارەزایەتی  دەكەن لەبەرامبەردا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایانگەیاندووە، پێشتر سەركردایەتی یەكێتی دەسەڵاتی تەواوەتی داوەتە لیژنەی دانوستانكار بۆیە پێویست بەگەرانەوە بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یان ئەنجومەنی ناوەند ناكرێت.

دوێنی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەشاری سلێمانی كۆبۆوە و دوای كۆبونەوەكەش وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن و رێككەوتن بۆ بەشداری حزبەكەیان لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم.