کوردستان

06:23 - 02/04/2019

پەیسەرپرێس پلانی دووەمی یەكێتی ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

دوای ئەوەی یەكێتی بەهۆی فشارەكانی ئەمریكا و رازی نەبوونی بەغدادوە دەستبەرداری دووئیدارەی بوو، یەكێتی پلانی دووەمی ئامادەكردووە و لە كۆبوونەوەی داهاتوو ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە رێكەوتن دەیخانە دەنگدانەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، ئەگەر لەچەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ پارتی نەگەنە رێككەوتن ئەوە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەكەن و تێیدا لیژنەی دانوستانكار تەواوی زانیاریەكانی كۆبونەوەكانیان لەگەڵ پارتی دەخەنەڕوو پاشان پلان بی دەخرێتە دەنگدانەوە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، پلانی بی یەكێتی ئەوەیە كە ئەمجارە شاندێكی دانوستانكار پێكدەهێنێت، بۆ ئەوەی دەست بەگفتوگۆ بكات لەگەڵ پارتی، بەڵام ئەمجارە بۆ بەشداریكردن نیە لەحكومەت بەڵكو بۆ پرسی لامەركەزیەتە بۆ سلێمانی و هەڵەبجە.

سەرچاوەكە دەڵێت، یەكێتی بەشداری كابینەی حكومەتی هەرێم لەهەولێر ناكات، بەڵام ئیدارە و دارایی ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجەی دەوێت و رێگەش نادات، هیچ داهاتێكی ئەو ناوچەیە بگەرێندرێتەوە بۆ هەولێر و بەپێی ژمارەی دانیشتوانیش پشكی خۆی لەبودجە بۆ ئەو ناوچەیە وەردەگرێت.