کوردستان

06:07 - 02/04/2019

كونسوڵخانەی ئێران زانیارییه‌كان له‌باره‌ی چۆنێتی پێدانی فیزای بێ به‌رامبه‌ر ئاشكرا ده‌كات‌

پەیسەر

كونسوڵی ئێران لە هەولێر زانیاری دەربارەی نەمانی پارەی ڤیزا ئاشكرا دەكات و دەشڵێت پارەی بردنی ئۆتۆمبێلیش كەم دەكەنەوە.

مورتەزا عەبادی سەركونسوڵگەری ئێران لەهەولێر لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی جامی كوردی رایگەیاند: لەرۆژی یەكی نیسانەوە بڕیاری نەهێشتنی پارەی ڤیزایان جێبەجێكردووە، و چاوەڕێش دەكەن لایەنی عێراقیش دەست بەجێبەجێكردنی بكات.

گوتیشی: بۆ لەمەودوا ڤیزەكانی گەشتیاری و سەردان و خوێندن و كار و تەندروستی و بنەماڵەیی بەبێ بەرامبەرە، سەركونسوڵگەری ئێران ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوانەی دەیانەوێت ڤیزە وەربگرن لەرێگەی ماڵپەڕی e_visa.mfa.ir داوای بكەن و پاشانیش كۆدێكیان بۆ دێتەوە بینێرن بۆ [email protected] دواتر كونسوڵخانە ڤیزەكانیان پێ دەدات.

بەوتەی سەركونسوڵی ئێران بۆ لەمەودواش ڤیزەی ئەلیكترۆنی دەدەن بەهاوڵاتیان و پێویست ناكات ڤیزەكەش لە پاسپۆرت بدرێت بەڵكو لەرێگەی سیستمێكی یەكگرتووەوە لەناوەندەكانی پاسپۆرتی ئێران دەبیندرێت و رۆیشتن و گەرانەوەی خەڵك لەرێگەی ئەو سیستمەوە كۆنترۆڵ دەكرێت، گوتیشی ڤیزە ئەلیكترۆنیەكە لەلایەن هاوڵاتیانەوە پرێنت بكرێت و پێیان بێت باشترە.

سەبارەت بەو پارەیەی لەهاوڵاتیانی هەرێم وەردەگیردرێت لەبەرامبەر رێگەپێدانیان بەبردنی ئۆتۆمبێل بۆ ئێران سەركونسوڵگەر رایگەیاند پارەكە لە 250 دۆلارەوە بۆ 100 دۆلار كەمكراوەتەوە و هەوڵ دەدەن كەمتریشی بكەنەوە.