کوردستان

10:58 - 01/12/2018

دوایین زانیارى له‌باره‌ى وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى داد له‌لایه‌ن گۆڕان-ه‌وه‌

پەیسەر


بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى داد له‌ كابینه‌ى حكومه‌تى نوێى عێراق ناوی چه‌ند كاندیدێك ره‌وانه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كات، پاش  ئه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سەرۆك وەزیرانی عێراق، دوێنێ داواى له‌ گۆڕان كردووه‌ كه‌ ناوى سێ كه‌سى پسپۆرى یاساى بۆ بنێرن وه‌ك كاندیدى وه‌زاره‌تی داد.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، دوێنێ هه‌ینى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، داواى له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كردووه‌ كه‌ ناوى سێ كه‌سى بۆ ره‌وانه‌ بكه‌ن بە مەبەستی  وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى داد كاندید بكرێن.

به‌پێى زانیارییه‌كان گۆڕان هه‌وڵده‌دات كاندیدێكى سه‌ربه‌خۆ دابنێت بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى داد، به‌وه‌ش ده‌یه‌وێت یه‌كێتى ناچار بكات واز له‌ رێگرییه‌كانى بهێنێت له‌به‌رده‌م گۆڕان-دا بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌ت له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراق و هاوكات ره‌زامه‌ندى عه‌بدولمه‌هدی-شى له‌سه‌ر بێت.

په‌یسه‌ر پێشتر ئه‌وه‌ى بڵاوكردبووه‌وه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانى له‌ سه‌ردانى بۆ به‌غدا داواى له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌ پۆستى وه‌زاره‌تى داد نه‌درێت به‌ یه‌كێتى به‌وپێیه‌ى ئه‌و حزبه‌ به‌ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار پشكى خۆى به‌ ته‌واوى وه‌رگرتووه‌، دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بارزانیش د. به‌رهه‌م سه‌رۆك كۆمارى عێراق په‌یوه‌ندى به‌ عه‌بدولمه‌هدی-یه‌وه‌ كردووه‌و داوایكردووه‌ وه‌زاره‌تى داد نه‌درێت به‌ گۆڕان.

په‌یسه‌ر ئه‌وه‌ى زانیووه‌ كه‌ گۆڕان پشتیوانى چه‌ند كاندیدێكى سه‌ربه‌خۆ ده‌كات كه‌ پێشتر له‌ رێگه‌ى ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ سى ڤی-یان ره‌وانه‌ كردووه‌و دیارترینیان دادوه‌ر ئیسماعیل عومه‌ر-ه‌ كه‌ دادوه‌رى دادگاى به‌رایى سلێمانییه‌و وه‌ك كاندیدى سه‌ربه‌خۆ فۆرمى پڕكردووه‌ته‌وه‌.هاوكات هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌شدار حه‌سه‌ن و ئازاد چۆمانى وه‌ك كاندیدى گۆڕان باس ده‌كرێن بۆ وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى داد.