کوردستان

04:14 - 01/04/2019

راى زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆنبوون یاخود به‌شدارى له‌ حكومه‌ت‌

پەیسەر

زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، له‌ئێستادا پشتیوانی به‌شداری حزبه‌كه‌یان له‌حكومه‌ت ناكه‌ن و ده‌یانه‌وێت ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، كۆمه‌ڵ  له‌ سه‌رداننه‌كردنه‌وه‌ى پارتى نیگه‌رانه‌ و زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی له‌ئێستادا پشتیوانی به‌شداری حزبه‌كه‌یان له‌حكومه‌ت ناكه‌ن و ده‌یانه‌وێت ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌سه‌ردانه‌ی نه‌كردنی پارتی نیگه‌رانه‌، هه‌روه‌ها له‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌سه‌ر پرسی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان و هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نیگه‌رانه‌.

به‌پێی زانیاریه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌ له‌ئێستادا ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ژێر فشاری ئه‌و سه‌ركردانه‌ی حزبه‌كه‌یدایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌فه‌رمی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیان رابگه‌یه‌نن.

پێشتر پارتی سه‌ردانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كرد و بڕیاریش بوو دواتر سه‌ردانیان بكاته‌وه‌ و دوو وه‌زیریشیان له‌كابینه‌ی نۆیه‌م پێبدرێت، به‌ڵام تائێستا پارتی سه‌ردانی نه‌كردوونه‌وه‌.