کوردستان

01:43 - 01/04/2019

پارتی وه‌ڵامی داواكارییه‌كانی یه‌كێتی دایه‌وه‌‌

پەیسەر

دوای ئه‌وه‌ی له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌یان مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، سه‌قفی داواكارییه‌كانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت به‌رز كردبوه‌وه‌ و ره‌وانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردبوو، پارتی وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییانه‌ی دایه‌وه‌ و یه‌كێتیش له‌سه‌ر وه‌ڵامه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌دایه‌.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان شەوی رابردوو وەڵامی داواكاریەكانی یەكێتی بەنەرێنی داوەتەوە و رایگەیاندووە جگە لەو پۆستانەی بۆیان دیاریكراوە هیچ پۆستێكی تر وەرناگرن.

پێشتر یه‌كێتی نیشتیمانی داوای ئه‌وه‌ی كردبوو كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دوو جێگری هه‌بێت و پێنج وه‌زاره‌ت له‌ كابینه‌ی نوێ كه‌ یه‌كێكیان وه‌زاره‌تی ناوخۆ بێت بۆ حیزبه‌كه‌ی بێت، هه‌روه‌ها بریكاری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ پێ بدرێت، پارتیش وه‌ڵامی ئه‌و داوكارییانه‌ی دایه‌وه‌.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ پارتی،  بەسێ خاڵ وەڵامی یەكێتی داوەتەوە و لەخاڵی یەكەمدا رایگەیاندووە رازی نابن سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر یەكێتی داوایكردبوو سەرۆكی هەرێم دووجێگری هەبێت.

هه‌روه‌ها پارتی  له‌وه‌ڵامه‌كه‌یدا بۆ یه‌كێتی رایگەیاندووە، وەزیری ناوخۆ نادەنە یەكێتی ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر یەكێتی داوای ئەو پۆستەی كردبوو، لەخاڵی سێیەمیشدا پارتی رایگەیاندووە كە بریكاری وەزیری سامانەسروشتیەكان وه‌ك پشكی گۆڕان دیاریكراوه‌، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر یه‌كێتی داوای ئەو پۆستەی كردبوو بەمەرجێك تەواوی دەسەڵاتەكانی هەبێت و سەرپەرشتی نەوت و غازی ئیدارەی سلێمانی بكات.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، كۆبونەوەكەی ئەمرۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ تاوتوێكردنی وەڵامەكەی پارتیە و پێشبینیش دەكرێت دواتر بەیاننامەیەك بڵاوبكەنەوە.