کوردستان

09:57 - 30/03/2019

یەكێتی سەقفی داواكارییەكانی بۆ بەشداری لەحكومەت بەرزدەكاتەوە‌

پەیسەر

دوای ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان نەرمی نواندووە بۆ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی، ئەو حیزبە بۆ بەشداریكردن لەحكومەتی نوێ‌ ئاستی داواكارییەكانی بەرزكردووەتەوە.

بەدرێژایی رۆژی هەینی بەرپرسانی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەپەیوەندی بوون بۆ ئەوەی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بگەنە رێككەوتن ‌و لەو چوارچێوەیەش مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی پەیوەندی بەكۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی كردووە.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، مەسعود بارزانی لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ئامادەیی نیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی زۆرێك لەداواكارییەكانی یەكێتی، بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی بگەنە رێككەوتن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، دوای ئەوەی ئەو خواستەی مەسعود بارزانی گەیەنراوەتە سەركردایەتی یەكێتی، بەرپرسانی یەكێتی داواكارییەكانی خۆیان خستووەتە بەردەم پارتی، كە لەو پاكێجەی یەكێتی ئاستی داواكارییەكانی ئەو حیزبە بەرز كراوەتەوە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، یەكێتی لەداواكارییەكانی داوای سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی حكومەت‌و جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ ئاسایش‌و  پێشمەرگەو شەش وەزارەت‌و سێ‌ سەرۆك دەستەو چوار بریكاری وەزیر بەتەواوی دەسەڵات‌و نیوەی بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكانیان كردووە.

پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، كە بەرزكردنەوەی ئاستی داواكارییەكان بەرپرسانی پارتی-یان نیگەران كردووە، هەر بەو هۆیەشەوە گفتوگۆو كۆبوونەوەكانیان لەرۆژی هەینی راگرتووەو دیاریش نییە، ئەمڕۆ شەممە كۆبوونەوە دەكەن، یان نا.