کوردستان

03:33 - 28/03/2019

هه‌وڵێك له‌ به‌غداوه‌ بۆ گۆڕینى سێ سه‌رۆكه‌كه‌‌

پەیسەر

هه‌وڵێك له‌ به‌غداوه‌ له‌نێوان به‌شێك له‌ شیعه‌كان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رسێ سه‌رۆكى په‌رله‌مان، كۆمار، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بگۆڕدرێن و كه‌سانى دیكه‌ دابنرێت، بیانووه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لاوازن و ناتوانن ئیداره‌ى ئه‌م قۆناغه‌ بكه‌ن.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون، موقته‌دا سه‌در، ئه‌یاد عه‌لاوى، حه‌یده‌ر عه‌بادى پشتیوانى ئه‌م هه‌وڵه‌ ده‌كه‌ن، و به‌رهه‌م ساڵحیش له‌م هه‌وڵه‌ ئاگاداركراوه‌و نیگه‌رانه‌.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌ده‌ن، ناوماڵى شیعه‌ له‌سه‌ر عادل عه‌بدولهه‌دى كۆك نین، و پێیان وایه‌ سه‌رۆكێكى لاوازه‌، هاوكات له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵحیش تێبینییان هه‌یه‌ و پێیان وایه‌ به‌هۆى نزیكى له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ هه‌ندێك كار ده‌كات كه‌ كارى ئه‌و نییه‌ و وه‌ك وه‌زیرێك مامه‌ڵه‌ ده‌كات.

به‌پێى زانیارییه‌كان ئه‌بو مه‌هدى موهه‌ندیس، سه‌ركرده‌ى باڵاى حه‌شدى شه‌عبى، له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ تێبینى له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح و عادل عه‌بدولمه‌هدى هه‌یه‌ و گوتویه‌تى، به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك وه‌زیرێك مامه‌ڵه‌ ده‌كات، كارى سه‌رۆك كۆماریى خۆى ناكات.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار بۆ په‌یسه‌ر گوتى، به‌رهه‌م ساڵح ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌، كه‌ پارتى بچێته‌ ئه‌م به‌ره‌یه‌وه‌و به‌وجۆره‌ش بتوانن له‌ په‌رله‌مان كاریگه‌رى دروست بكه‌ن، به‌وپێیه‌ى ئه‌گه‌ر سه‌درو عه‌بادى و حه‌شدى شه‌عبی له‌گه‌ڵ پارتى یه‌ك بگرن كارێكى قورس نابێت بۆیان كه‌ سێ سه‌رۆكه‌كه‌ بگۆڕن.

گوتیشى، به‌رهه‌م ساڵح بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ئه‌م هه‌وڵه‌ پشتى به‌ ئێران به‌ستووه‌، به‌وپێیه‌ى تا ئه‌م ساته‌ سیاسه‌تى ئێران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پشتیوانى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌كات، دیار نییه‌ له‌ ئاینده‌ سیاسه‌تى چۆن ده‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانى شیعه‌كان له‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسى، به‌پێى زانیارییه‌كان شیعه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى په‌رله‌مان گرفتى ئه‌وتۆیان نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار بگۆڕدرێن ئه‌وا سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش ده‌گۆڕدرێت.