کوردستان

07:35 - 27/03/2019

په‌یسه‌ر خاڵى ناكۆكى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى یه‌كێتى و پارتى ئاشكراده‌كات‌

پەیسەر

شاندى یه‌كێتى و پارتى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر زۆربه‌ى پۆسته‌كان رێككه‌وتوون، به‌ڵام ناكۆكى نێوانیان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ یه‌كێتى داوایكردووه‌، سه‌رۆكى هه‌رێم دوو جێگرى هه‌بێت، به‌ڵام سه‌رۆكى حكومه‌ت یه‌ك جێگرى هه‌بێت.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون، هه‌ردوو شاندى یه‌كێتى و پارتى ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر زۆربه‌ى پۆسته‌كان رێككه‌وتوون، به‌ڵام شاندى یه‌كێتى داوایانكردووه‌، پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت ته‌نها یه‌ك جێگرى هه‌بێت و یاریده‌ده‌رى نه‌بێت كه‌ یاریده‌ده‌ره‌كه‌ دراوه‌ به‌ گۆڕان، هاوكات داوایانكردووه‌ كه‌ جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم دوو جێگرى هه‌بێت و جێگرێكیان بۆ یه‌كێتى بێت.

به‌پێى زانیارییه‌كان ئه‌و پێشنیاره‌ى یه‌كێتى له‌سه‌ر راسپارده‌ى مه‌سعود بارزانى ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، كاتێك هه‌ردوولا به‌جیا له‌ ناوه‌ڕاستى كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌نێوان خۆیان كۆبوونه‌ته‌وه‌ شاندى پارتى پرسیان به‌ مه‌سعود بارزانى كردووه‌، له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیاره‌ى یه‌كێتى، ئه‌ویش پێشنیاره‌كه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

تا ئێستا یه‌كێتى و پارتى زیاتر له‌ ١٠ كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌، له‌سه‌ر پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌نجام و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆش شاندى پارتى، به‌ یه‌كێتى گوتووه‌، ئێوه‌ زوو زوو داواكارییه‌كان ده‌گۆڕن و ئه‌وه‌ش كێشه‌ى بۆ دانوستانه‌كان درووستكردووه‌.

شاندى پارتى گووتویانه‌ ئه‌مه‌ بڕیارى كۆتایى و سه‌ردانى كۆتاییانه‌، شاندى یه‌كێتیش گوتوویانه‌ كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مشه‌و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ڵوێستى خۆیان رابگه‌یه‌نن، پێده‌چێت یه‌كێتى له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ بنبه‌ست گه‌یشتنى كۆوبونه‌وه‌كان رابگه‌یه‌نێت.