کوردستان

02:25 - 26/03/2019

هۆشیار عه‌بدوڵا: تا عادل عه‌بدولمه‌دى سه‌رۆك وه‌زیران بێت مووچه‌ى هه‌رێم نابڕدرێت‌

پەیسەر

هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، تا عادل عه‌بدولمه‌دى سه‌رۆك وه‌زیران بێت مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان نابڕدرێت و ده‌ڵێت، هه‌رچه‌ند هه‌وڵى سیاسى هه‌یه‌ له‌ به‌غداوه‌ به‌ڵام ئه‌م مه‌سه‌له‌ بووه‌ به‌ یاساو بۆ ئه‌مساڵ كێشه‌ دروست نابێت. 

هۆشیار عه‌بدوڵا بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى"ئه‌وه‌ى له‌ یاساى بوودجه‌ى ساڵى ٢٠١٩ هه‌یه‌ مه‌ترسى بڕینى نییه‌، چونكه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سووره‌ له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به‌ یاساى بودجه‌وه‌". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ نه‌یشارده‌وه‌، كه‌ له‌ به‌غدا هه‌وڵى سیاسى هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و مووچه‌ى ئێستا ره‌وانه‌ ده‌كرێت ته‌گه‌ره‌ى بۆ دروست بكرێت، به‌و جۆره‌ش گرفت بۆ كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى دروستبكرێت، هه‌وڵێكى سیاسى هه‌یه‌ بۆ لێدان له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى شكستپێبهێنن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد"مه‌وزوعى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و پاره‌ى ره‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌كرێت له‌ به‌غدا كراوه‌ به‌ كێشه‌، هه‌م په‌رله‌مانتارانى پێ هان ده‌ده‌ن، هه‌م هانى شه‌قامى عێراقى ده‌ده‌ن به‌وه‌ى كه‌ ئه‌و پاره‌ى ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت، به‌م جۆره‌ كێشه‌یه‌، هه‌وڵێكى سیاسى جددى له‌سه‌ر ئه‌مه‌ هه‌یه‌".

هۆشیار عه‌بدوڵا جه‌ختیكردوه‌ كه‌ "پشكى هه‌رێمى كوردستان بووە به‌ یاساو ته‌نها یه‌ك رێگه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ بۆ ره‌وانه‌كردنى مووچه‌ دروستبكرێت، ئه‌ویش تانه‌ دانه‌ له‌ یاساكه‌ له‌ دادگاو تا عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران بێت ئه‌وه‌ ئه‌گه‌رێكى دووره‌، به‌ڵام ئه‌ركى راسته‌قینه‌و هه‌ره‌ له‌پێشى نوێنه‌رانى كورد له‌ به‌غدا پاراستنى پشكى هه‌رێمە، ئه‌گه‌ر هه‌ر ده‌ستكارییه‌ك بكرێت ده‌بێت نوێنه‌رانى كورد تا راده‌ى كشانه‌وه‌ى هه‌نگاو بنێین". 

گوتیشى"ئه‌مه‌ پێویست به‌ ترساندنى خه‌ڵك ناكات پشكى هه‌رێمى كوردستان بووه‌ به‌ یاسا، به‌ یاسا جێگیركراوه‌ به‌ رێككه‌وتنى ژێر به‌ژێر نه‌كراوه‌، ئه‌و هه‌وڵه‌ سیاسیانه‌شى كه‌ هه‌ن وه‌ستاوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كۆى عه‌مه‌لیه‌ى سیاسى به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات، عه‌مه‌لیه‌ى سیاسى به‌هه‌ر عاقارێكدا بڕوات جارێكى دیكه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتاران و وه‌ك فراكسیۆنى گۆڕان بڕینى مووچه‌ قبوڵ ناكه‌ین، ئه‌م قۆناغه‌ به‌سه‌رچوو جارێكى دیكه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌".

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق جارێكى دیكه‌ به‌شێك له‌ په‌رلەمانتاره‌ عه‌ره‌به‌كان دژى ره‌وانه‌كردنى مووچه‌بوون به‌بێ راده‌ستكردنى نه‌وت و داهاتى ناوخۆ، داوایانكردبوو كه‌ بڕى داهاتى ناوخۆ له‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ببڕدرێت، په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كانیش دواى ئه‌وه‌ لێدوانى جیاوازیان داو باسیان له‌وه‌كرد مه‌ترسى بڕینى مووچه‌ هه‌یه‌.