کوردستان

10:50 - 26/03/2019

رێككه‌وتنێكی نوێ له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی ئیمزا ده‌كرێت‌

پەیسەر

سبەینێ یەكێتی و پارتی جارێكی تر كۆدەبنەوە و رێككەوتنێكی نوێ دەربارەی پێكهێنانی حكومەت واژۆ دەكەن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە سبەینێ یەكێتی و پارتی لەهاوینەهەواری دووكان كۆدەبنەوە و رێككەوتنێكی نوێ دەربارەی پێكهێنانی حكومەت واژۆ دەكەن.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت هەردوولا بەتەلەفۆن زەمینەسازیان كردووە بۆ رێككەوتنەكە و یەكێتی رازی بووە بەوەی داوای هیچ پۆستێك نەكات كە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دیاریكراوە و پارتیش بەشێك لەو پۆستانەی داوەتە یەكێتی كە داوایكردووە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، ئەو پۆستانەی پێشتر پارتی بۆ یەكێتی دیاریكردبوو زۆر گۆڕانكاریان تێدانەكراوە و یەكێتی هەر جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری پێشمەرگە و وەزارەت و بریكار وەزیرانە وەردەگرێت كە پێشتر بۆی دیاریكرابوو، بەڵام تائێستا ئەوەی ناكۆكی لەسەرماوە تەنها پۆستی وەزیری ناوخۆیە كە یەكێتی پێشتر پێشنیاری دووساڵ بەدووساڵی كرد بەڵام پارتی رەتیكردەوە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەشڵێت، ئەگەر ئاستەنگ بۆ كۆبونەوەكەی سبەینێ دروست بێت ئەوە پارتی و یەكێتی هیچ كۆبونەوەیەكی تر ناكەن و پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی دەست بەهەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەكات.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە لەدوای رێككەوتنەكەی سبەینێ یەكێتی دەست دەكات بەكۆبونەوە ناوخۆیەكانی بۆ ئەوەی كاندیدەكانی بۆ پۆستەكان دیاری بكات.