کوردستان

06:35 - 25/03/2019

بۆچونه‌ جیاوازه‌كانی باڵه‌كانی یه‌كێتی له‌سه‌ر یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌

پەیسەر

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیاندا و له‌ ناو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی دوو بۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر پرسی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌بووه‌.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە، لەكۆبونەوەكەی ئەمرۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا باسی ئەوەكراوە كە ئەگەر پارتی بەبێ گەیشتنە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی هەمواركردەوە ئەوكاتە یەكێتی چی بكات، بۆ ئەمەش ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەسەر دوو بۆچووندا دابەش بوون بۆچونێكیان بایكۆتی كۆبونەوەكانی پەرلەمان بكات و بەشدار نەبێت، بەڵام بۆچوونی زۆرینە ئەوەبووە كە بەشداری كۆبونەوەكانی پەرلەمان بكات و پرۆژەشی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەبێت و تێیدا سیستمی حوكمرانی بەپەرلەمانی دیاری بكرێت و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كەم بكرێتەوە، بۆئەمەش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی تر بكات.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت باسی ئەوەشكراوە، كە ئەگەر پرۆژەكەی یەكێتی زۆرینەی بەدەست نەهێنا ئەوكاتە یەكێتی كاندیدی بۆ سەرۆكی هەرێم هەبێت و بەگفتوگۆش لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتوو و نەوەی نوێ ئەوانیش لایەنێكیان كاندیدی بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم هەبێت.

رۆژی 4ی ئازار یەكێتی و پارتی رێككەوتنێكیان دەربارەی بەشداریكردن لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم واژۆكرد بەپێی رێككەوتنەكەش سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دیاریكرا بەڵام دواتر یەكێتی بەهۆی كێشەناوخۆیەكانیەوە لەو رێككەوتنە كشایەوە.