کوردستان

07:30 - 24/03/2019

پارتی پێشنیازی چەند پۆستێكی بۆ یەكێتی كردووە‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشنیازی چەند پۆستێكی بۆ یەكێتی نیشتمانی كردووە، بۆ ئەوەی لەكابینەی نۆیەم وەریبگرن، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی رازی بن بە بەشداریكردن لەحكومەت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار، كە دراوە بە پەیسەرپرێس، لەكۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممەی شاندی پارتی‌و یەكێتی، پارتی پێشنیازی پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان‌و جێگری سەرۆكی حكومەت‌و پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەو بەرێوەبەری گشتی دەزگای ئاسایشی هەرێم‌و بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری‌و بریكاری وەزیری ناوخۆو چەند پۆستێكی تری وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان، لەوانە وەزارەتی خوێندنی باڵاو تەندروستی‌و كشتوكاڵ‌و شەهیدان.


هه‌روه‌ها یه‌كێتی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوای جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمیان كردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی پۆسته‌ دراوه‌ به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پارتی ئاماده‌ نه‌بووه‌ ئه‌و داوایه‌ی یه‌كێتی قبوڵ بكات و ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌.


هەر بەپێی زانیارییەكان، لەبەرانبەر ئەو پێشنیازەی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستەكان، شاندی یەكێتی سووربوونی خۆی لەداواكارییەكانی پێشووی دووپاتكردووەتەوەو بەو هۆیەشەوە نەگەیشوون بەهیچ ئەنجامێكی دیاریكراو.

ئەوەی پارتی‌و یەكێتی لەكۆبوونەوەكە لەسەری كۆكبوون بەردەوامی كۆبوونەوەكان بێت، بۆ ئەوەی بگەن بەرێككەوتنێكی ناوەندی، كە بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە رۆژی 27ی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەكی تر بكەن.