کوردستان

03:51 - 24/03/2019

زانیارییه‌كان له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتی‌

پەیسەر

ئه‌مڕۆ له‌ پیرمام هه‌ردوو وه‌فدی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارتی و یه‌كێتی گفتوگۆیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ و داواكارییه‌كانی هه‌ردولا كرد، یه‌كێتی سووربوونی خۆی لەداواكارییەكانی پێشووی دووپاتكردووەتەوەو كه‌ بریتی بووه‌ له‌ وه‌گرتنی یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی (دارایی ‌و سامانەسروشتییەكان ‌و ناوخۆ) به‌ڵام وه‌ڵامی پارتی به‌ دڵی یه‌كێتی نه‌بووه‌.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن به‌شێك له‌و داواكارییانه‌ی كه‌پێشتر یه‌كێتی داوای كردبوو، نزیكبوون له‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام داواكارییه‌كانی یه‌كێتی له‌سه‌ر پۆسته‌ سیادییه‌كان بێ هیچ رێككه‌وتنێك ماوه‌ته‌وه‌.

هه‌وره‌ها پارتی و یەكێتی لەسەر داواكاریەكانیان سوربوون و بەهۆی ئەوەی هیچیان ئامادەنەبوون سازش لەسەر داواكاریەكانیان بكەن، كۆبونەوەكە بێ ئەنجام بووە، تەنها لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە دەرگای گفتوگۆ بەڕووی یەكتردا دانەخەن.

رۆژی 4ی ئازار پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنێكی دووقۆڵیان بۆ پێكهێنانی حكومەت واژۆكرد كە دواتر یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆیەكانیەوە لێی كشایەوە.

جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئاسته‌نگی زۆری بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت دروست كردووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ تا ئێستا (179) رۆژه‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌ نه‌توانراوه‌ حكومه‌ت پێبكهێنرێت.