کوردستان

05:55 - 23/03/2019

یەكێتی داوای كۆبونەوەی نهێنی لەگۆڕان دەكات‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان داوا لە بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دەكات دوورلە چاوی میدیاكان كۆببنەوە و تائێستاش گۆڕان وەڵامی نەداوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان داوای لەبزوتنەوەی گۆڕان كردووە بەنهێنی كۆببنەوە و تێیدا پرسی پێكهێنانی كابینەی حكومەتی هەرێم و چارەنوسی رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان سەبارەت بەدابەشكردنی پۆستەكانی سلێمانی تاوتوێ بكەن.

یه‌كێتی ده‌یه‌وێت له‌ دانیشتنه‌كه‌یدا پرسی پۆستی پارێزگاری سلێمانیش له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس بكات.

سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامی گۆران بۆ ئه‌و داواكارییه‌ی یه‌كێتی و به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی داواكارییەكەی یەكێتی نەداوەتەوە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان دوو رێككەوتنیان لەنێواندایە، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پێشێلكردنی رێككەوتنەكان تۆمەتبار دەكات و بۆیه‌ تاك لایه‌نانه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی هه‌ڵپه‌سارد.

یه‌كێتی له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئه‌یلولی ساڵی رابرده‌وه‌وه‌ چه‌ندین جار داوای له‌ گۆڕان كردووه‌ كۆببێته‌وه‌ له‌گه‌ڵی به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رجه‌م داواكانی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌ و بۆ كۆبوونه‌وه‌ش مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت یه‌كێتی هه‌ردوو رێكه‌وتنه‌كه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ بكات ئه‌وجا ده‌چێته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵی.