کوردستان

03:14 - 23/03/2019

كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی پێش وادەی خۆی ئەنجام دەدرێت‌

پەیسەر

بڕیاربوو بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كۆبوونەوەیەك لە 27ی ئەم مانگە ئەنجام بدەن، بەڵام لەسەر داوای یەكێتی كۆبوونەوەكە پێشدەخرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، بڕیاربوو 27ی ئەم مانگە كۆبونەوەی دووقۆڵی یەكێتی و پارتی بەرێوەبچێت، بەڵام لەسەر داوای یەكێتی كۆبونەوەكە پێش خراوە بۆ سبەینێ‌ ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی پێش كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان و لیژنەی یاسایی بۆهەمواری یاسای سەرۆكایەتی بەرێوەبچێت، كۆبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی بكرێت.

شاندی پارتی‌و یەكێتی رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو كۆبوونەوەیەكیان كرد، كە ئامانجی سەرەكی كۆبوونەوەكە گەیشتن بووە بەرێككەوتن بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نۆیەم.

لەكۆبوونەوەكەدا یەكێتی نیشتمانی سووربوونی خۆی لەداواكارییەكانی پێشووی دووپاتكردووەتەوەو شاندی پارتی-یش ئامادەنەبوون داواكارییەكان جێبەجێبكەن.

لە كۆبوونەوەكەدا یەكێتی داوای پۆستی وەزارەتێكی سیادی كردووەو بۆ ئەوەش سێ‌ وەزارەتی دەستنیشانكردووە، ئەوانیش وەزارەتەكانی "دارایی‌و سامانەسروشتییەكان‌و ناوخۆ) بووە، كە زیاتر جەختیان لەوەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ كردووەتەوە.

لەو بارەیەوە سەرچاوەكەیەك بە پەیسەرپرێس راگەیاند: پێده‌چێت ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ دوا كۆبونەوەی دووقۆڵی یه‌كێتی و پارتی بێت لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی حكومەت، و كۆبونەوەكەش لەشاری هەولێر دەبێت و وەفدی یەكێتی دەچێتە ئەوێ.

رۆژی 4ی ئازار پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنێكی دووقۆڵیان بۆ پێكهێنانی حكومەت واژۆكرد كە دواتر یەكێتی بەهۆی كێشە ناوخۆیەكانیەوە لێی كشایەوە.