11:12 - 23/03/2019
كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌گۆڕان نیگه‌رانه
له‌سه‌ر سه‌رۆكى لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی كوردستان كۆمه‌ڵی ئیسلامی له بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نیگه‌رانه، فراكسیۆنى گۆڕانیش پێى وانییه سته‌م له كۆمه‌ڵ كرابێت.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی، په‌یسه‌رپرێس له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه ده‌ستیكه‌وتووه كۆمه‌ڵی ئیسلامی رایگه‌یاندووه، پۆستی سه‌رۆكی لیژنه‌ی سامانه‌سروشتییه‌كانیان له‌په‌رله‌مانی كوردستان وه‌رگرتووه به‌ڵام دوای رێككه‌وتنی پارتی و گۆران سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و لیژنه‌یه له‌كۆمه‌ڵ سه‌ندراوه‌ته‌وه و دراوه به گۆران، ئه‌وه‌ش به‌بێ ئاگاداری كۆمه‌ڵ كراوه.
له به‌رامبه‌ردا سه‌رچاوه‌یه‌ك له فراكسیۆنی گۆڕان، به په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند، له سه‌ره‌تادا سه‌رۆكی لیژنه‌ی سامانه‌سروشتییه‌كان بۆ كۆمه‌ڵ بووه، به‌ڵام دوای گفتوگۆ له‌بری ئه‌و لیژنه‌یه سه‌رۆكایه‌تی دوو لیژنه‌ی تر دراوه به‌كۆمه‌ڵ، ئه‌وانیش لیژنه‌ی كشتوكاڵ و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تین، بۆیه پێیان وانییه هیچ سته‌مێك له‌كۆمه‌ڵ كرابێت.
هه‌فته‌ى رابردوو فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، پۆسته‌كانى لیژنه‌كانى په‌رله‌مانیان دابه‌شكردوو كاندیده‌كان په‌سه‌ندكران، دواتر سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند، له ئێستاوه په‌رله‌مان بۆ پرۆسه‌ى یاسادانان ئاماده‌یه.