کوردستان

11:00 - 23/03/2019

لاهور شێخ جەنگی چاوی لەپۆستێكی باڵایە‌

پەیسەر

كێشەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامەو یەكێكیش لەو پۆستانە كێشەكانی زیاتر كردووە، پۆستی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە.

پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لەسەرەتاوە ئەو پۆستەو چەند پۆستێكی تری بۆ خۆی یەكلاكردووەتەوە، لەوانەش وەزارەتی ناوخۆو سامانەسروشتییەكان‌و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەو لەكۆبوونەوەكان جەختی كردووەتەوە، هیچ گفتوگۆیەك لەسەر ئەو پۆستانە ناكات.

بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، لەچەند كۆبوونەوەی رابردووی نێوان شاندی پارتی ‌و یەكێتی، شاندی یەكێتی جەختیكردووەتەوە، كە دەبێت ئەو پۆستانەش بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆو بەرێككەوتن یەكلابكرێنەوە.

هەر بەپێی زانیارییەكان شاندی یەكێتی داوای پۆستی وەزارەتی ناوخۆیان كردووە، بەڵام پارتی ئەوەی رەتكردووەتەوەو لەبەرانبەریشدا، رایانگەیاندووە، كە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بەرانبەر پۆستی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەو دەبێت ئەو پۆستە بدرێت بەیەكێتی.

پەیسەرپرێس ئەوەی زانیوە، ئەو داواكارییەی یەكێتی، پەیوەندی بەخواستی لاهور شێخ جەنگی، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی ئەو حیزبەو بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری/ زانیاری هەرێمی كوردستان هەیە، كە چاوی لەوەیە پۆستی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وەربگرێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئەو داواكاری‌و جەختكردنەوەی یەكێتی بۆ پۆستی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش‌و رەتكردنەوەی پارتی، كێشەی بۆ گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا دروست كردووە.