کوردستان

10:42 - 23/03/2019

دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كێشەی لەناو پارتی دروست كردووە‌

پەیسەر

دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كێشەی لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان دروست كردووەو بەو هۆیەشەوە، تائێستا هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیان ئامادەنەكردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، فراكسیۆنی پارتی دیموكرات، تائێستا نەیتوانیوە پرۆژەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان تەواو بكات، ئەوەش بەهۆی بوونی چەند كێشەیەك.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كێشەكان پەیوەندی بەدەسەڵاتەكانی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەیە، كە لەیاسا كۆنەكە زیاتر لە 20 دەسەڵاتی هەیە، بەڵام ئێستا لەناوخۆی پارتی هەوڵێك هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەو دەسەڵاتانەو بەتەشریفاتیكردنی پۆستی سەرۆكی هەرێم.

پەیسەرپرێس ئەوەی زانیوە، لەبەرانبەر ئەو هەوڵانە، نێچیرڤان بارزانی، كە لەلایەن پارتی بەفەرمی كاندیدكراوە بۆ سەرۆكی هەرێم، لەناوخۆی حیزبەكەی ناڕەزایی دەربڕیوەو جەختی لەمانەوەی دەسەڵاتەكانی كردووەتەوە.

یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان عێراقە، (یاسای ژمارە "1"ی ساڵی 2005)و لە 20 مادە پێكهاتووەو لەرۆژی 7/6/2005و لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان- عێراق (پەرلەمانی كوردستان)ەوە دەرچووە.

بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005 سەرۆكی هەرێم سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە ( حكومەت) و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانیشە و بەپێی یاساكە دەسەڵاتی بەسەر ئەنجومەنی دادوەریشدا هەیە، ئەمەش بە پێی یاسا وادەكات كە سەرۆكی هەرێم هەژموونی بەسەر دەسەڵاتەكان دیكەدا بسەپێنێت.