07:15 - 22/03/2019
په‌یسه‌ر ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى حه‌لبوسى بۆ هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كات
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ نێوه‌ندگیری له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر پۆستی وه‌زیری داد سەردانی هه‌رێمی کوردستانی کرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى یه‌كێتى كۆبووه‌وه.
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ستیكه‌وتووه له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی، محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ هه‌رێمی كوردستان داوای له به‌رپرسانی یه‌كێتی كردووه، هه‌رچی زووه له‌سه‌ر كاندیدی وه‌زیری دادی حكومه‌تی فیدراڵی رێكبكه‌ون به‌پێچه‌وانه‌وه به‌غداد خۆی به‌بێ پرسی یه‌كێتی وپارتی كاندیدێك دیاری ده‌كات ئه‌وه‌ش بۆ هه‌رێمی كوردستان خۆش نابێت.
هه‌روه‌ها داواشی له‌یه‌كێتی كردووه، به‌زوترین كات له‌گه‌ڵ پارتی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و غاز ره‌وانه‌ی به‌غداد بكه‌ن، چونكه حكومه‌تی فیدراڵی چاوه‌ڕێی ئه‌و لیژنه‌یه و بڕیاری هه‌رێم ده‌رباره‌ی پابه‌ندبوون یان نه‌بوون به یاسای بودجه‌وه ده‌كات.
هه‌رچه‌نده به‌پێى رێككه‌وتنى چوارى ئازارى یه‌كێتى و پارتى هه‌ردوو حزب كاندیدێك بۆ پۆستى وه‌زیرى داد دیاریده‌كه‌ن كه یه‌كێتى بێت به‌ڵام ئه‌و رێككه‌وتنه تا ئێستا جێبه‌جێنه‌كراوه و ئه‌و وه‌زاره‌ته كه پشكى كورده پڕ نه‌كراوه‌ته‌وه‌و به وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێت.