کوردستان

06:59 - 22/03/2019

پارتی له‌رێككه‌وتن له‌سه‌ر وه‌زیرى داد و پارێزگارى كه‌ركوك ده‌كشێته‌وه‌‌

پەیسەر

پارتی له‌رێككه‌وتنی پێشووی ده‌رباره‌ی پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌زیری داد ده‌كشێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كانی تایبه‌ت به‌هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی نه‌كات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانی ئاگاداركردووەته‌وه‌، كه‌ له‌رێككه‌وتنی چواری ئازار ده‌كشێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كانی لیژنه‌ی یاسایی و په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نه‌كات.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ردوو پۆستی وه‌زیری داد و پارێزگاری كه‌ركوك بۆ یه‌كێتی دیاریكراون و ئه‌گه‌ر پارتی له‌و رێككه‌وتنه‌ بكشێته‌وه‌، ئه‌وه‌ پارتی لە رێککەوتن سەبارەت بەو دوپۆستە دەکشێتەوە.

یه‌كێتى و پارتى دوو رێككه‌وتنیان له‌ پێنجى شوبات و چوارى ئازارى ئه‌مساڵ واژۆكردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و بڕیاره‌ پاش پشووه‌كانى نه‌ورۆز كۆبوونه‌وه‌یه‌كى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بكه‌ن.