کوردستان

03:45 - 20/03/2019

یه‌كێتى لیستێكى ٤٠ پۆستیی راده‌ستى پارتى كردووه‌‌

پەیسەر

یه‌كێتى له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌گه‌ڵ پارتى لیستێكى ٤٠ پۆستى راده‌ستى پارتى كردووه‌، شاندى پارتیش گوتویانه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دواى نه‌ورۆز نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن ئه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كانى دواتر ده‌ستپێده‌كه‌ن و هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌كرێته‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه ده‌ستیكه‌وتووه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێى پارتی و یه‌كێتیدا، شاندی پارتی رایگه‌یاندووه‌، بۆ دواجار هاتوون په‌یامی خۆیان بگه‌یه‌نن، كه‌چیتر چاوه‌ڕێ ناكه‌ن و ده‌ست به‌هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن و دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی، نێچیرڤان بارزانی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت راده‌سپێرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، شاندى یه‌كێتی له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی پێشوویان سوربوون و له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیستێكی ٤٠ پۆستییان ئاماده‌كردووه‌ و راده‌ستی وه‌فدی دانوستانكاری پارتییان كردووه‌، كه‌ وه‌زیری ناوخۆ، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی، پۆستێكی باڵا له‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، جێگری به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، پێنج وه‌زاره‌ت و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی تێدایە، و به‌شێكی زۆری ئه‌و پۆستانه‌ش ئه‌وانه‌ن كه‌ پارتی وه‌ك پشكی خۆی دیاریكردوون.

له‌به‌رامبه‌ردا شاندی پارتی داوای له‌ یه‌كێتی كردووه‌، كاندیدی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاری بكه‌ن و به‌شداریش له‌كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان تایبه‌ت به‌هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، یه‌كێتی داوایكردووه‌ له‌دوای كۆتایی هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆز جارێكی تر هه‌ردوولا كۆببنه‌وه‌، و داواشی له‌ پارتی كردووه‌ ده‌رگای گفتوگۆ کراوەبێت و له‌قۆناغه‌كانی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و راسپاردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت، گفتوگۆكانیان به‌رده‌وام بێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.

له‌به‌رامبه‌ردا پارتی هۆشداری داوه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی دوای نه‌ورۆز نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن ئه‌وه‌ به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌موار ده‌كه‌نه‌وه‌.

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان رۆژی 4ی ئه‌م مانگه‌ رێككه‌وتنێكی دووقۆڵیان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت واژۆكرد دواتر یه‌كێتی  له‌رێككه‌وتنه‌كه‌ كشایه‌وه‌.