07:10 - 19/03/2019
ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی
یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان لەكۆبوونەوەكەیان بەهیچ ئەنجامێك نەگەیشتوونو تەنیا بڕیاری ئەوەیان پێدراوە كۆبوونەوەكانیان بەردەوامبێت.
شاندی پارتیو یەكێتی رۆژی سێشەممە كۆبوونەوەیەكیان كرد، كە ئامانجی سەرەكی كۆبوونەوەكە گەیشتن بووە بەرێككەوتن بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نۆیەم.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەیسەرپرێس، لەكۆبوونەوەكەدا یەكێتی نیشتمانی سووربوونی خۆی لەداواكارییەكانی پێشووی دووپاتكردووەتەوەو شاندی پارتی-یش ئامادەنەبوون داواكارییەكان جێبەجێبكەن.
هەر بەپێی سەرچاوەكە، كە بەرپرسیاری لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەیە، حیزبەكەی داوای پۆستی وەزارەتێكی سیادی كردووەو بۆ ئەوەش سێ وەزارەتی دەستنیشانكردووە، ئەوانیش وەزارەتەكانی "داراییو سامانەسروشتییەكانو ناوخۆ) بووە، كە زیاتر جەختیان لەوەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ كردووەتەوە.
سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، كە ئەندامانی شاندەكەی یەكێتی باسیان لەوەش كردووە، ئەوەندەی بەلایانەوە گرنگە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ وەربگرن، ئەوەندە بەلایانەوە گرنگ نییە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرن، هەروەها جەختیان لەوەش كردووەتەوە، دەبێت لەسێ سەرۆكایەتییەكەش هاوبەشی راستەقینە بن، بەتایبەتی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمو حكومەتو داوایان كردووە، پۆستیان لەو سەرۆكایەتییانە هەبێت.
لەبارەی هەڵوێستی شاندی پارتی لەسەر داواكارییەكانی یەكێتی سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، شاندەكە هیچ بەڵێنێكیان بەشاندی یەكێتی نەداوەو تەنیا باسیان لەوە كردووە، دەبێت كۆبوونەوەكانیان بەردەوامبێت، بۆ ئەوەی بگەن بەچارەسەرێكی ناوەندیو رێككەوتن.
هاوكات سەرچاوەكە ئاشكرایكرد، كە بڕیارە هەفتەی داهاتووش شاندی پارتیو یەكێتی كۆبوونەوە بكەن، بۆ ئەوەش رۆژی 24ی مانگیان دیاریكردووە، ئەگەر گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت.