کوردستان

04:11 - 29/11/2018

بڕیاری قوباد تاڵه‌بانی بۆ داخستنی لایه‌نه‌ بێ مۆڵه‌ته‌كان نه‌وه‌ی نوێ-ش ده‌گرێته‌وه‌‌

پەیسەر

سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ په‌یسه‌ر پرێسی راگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی بۆ داخستنی باره‌گای ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمییان نییه‌، جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ-ش ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت.

دوای ئه‌وه‌ی قوباد تاڵه‌بانی له‌سه‌ر داواكاری توركیا بڕیاری داخستنی باره‌گای ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌ركرد كه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمییان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم نییه‌، ئاسایشی یه‌كێتی باره‌گاكانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌ی داخست. 

سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌یسه‌ر پرێس ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، بڕیاره‌كه‌ی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێش ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی هه‌شت كورسی په‌رله‌مانی كوردستانه‌، به‌وپێیه‌ی ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمی كاركردنی نییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌كردنی بڕیاره‌كه‌ له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، جێبه‌جێكردنی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی خودی قوباد تاڵه‌بانی كه‌ ئایا له‌سه‌ر نه‌وه‌ی نوێ جێبه‌جێی ده‌كات یاخود نا.

په‌یسه‌ر چه‌ند جارێك و له‌ چه‌ند كاتێكی جیاواز په‌یوه‌ندی كرد به‌ كازم فاروق وته‌بێژی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ-وه‌، به‌ڵام وه‌ڵامی په‌یوه‌ندییه‌كانی نه‌دایه‌وه‌.

هاوكات په‌یسه‌ر په‌یوه‌ندی كرد به‌ كاوه‌ عه‌بدولقادر و سیروان بابان په‌رله‌مانتارانی نه‌وه‌ی نوێ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام ره‌تیان كرده‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن و وتیان ته‌نها وته‌بێژی جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌توانێت قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكات.