کوردستان

09:52 - 19/03/2019

سوریا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هێزه‌كانی سوریا دیموكرات ده‌كات‌

پەیسەر

حکومەتی سوریا هەڕەشەی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد و وتی ئەگەر ڕازی نەبن بە گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ دەوڵەت ئەوا هێرش دەکەنە سەریان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌نێوان سەرۆک ئەرکانی سوپای ئێران و سوریا و عێراق، حكومه‌تی سوریا رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات رێگه‌ بده‌ن به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان گه‌ر وا نه‌كه‌ن و رێگری بكه‌ن ئه‌وا هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ریان.

دوای ڕاگەیاندنەکەی واشنتن بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا لە مانگی دوانزەدا، کاربەدەستانی کورد لە رۆژئاوای كوردستان، سەرکەوتوو نەبوون لە گەیشتن بە ڕێکەوتنێک لەگەڵ دیمەشقدا بۆ پاراستنی ناوچەکە لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانیان.

مانگی ڕابردوو ئەمەریکا ڕایگەیاند هەندێک لە هێزەکانی لە سوریا دەهێڵێتەوە و پاشگەزبۆوە لە بڕیارەکەی پێشتری بۆ کشاندنەوەی هەموو هێزەکانی لە سوریادا.

ئەمەریکا بە هێزی ئاسمانی و هەندێک لە هێزی پیادە پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات بە ڕابەرایەتی کوردەکان کە خەریکە کۆتا شوێنی ڕێکخراوی داعش لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە. هەروەها ئەمەریکا بنکەیەکی سەربازیی هەیە لە تەنەف کە نزیکە لەسەر ڕێگایەکی خێرا کە دیمەشق و بەغداد و سنووری نێوان عێراق و سوریا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

وەزیری بەرگری سوریا عوماد عەلی عەبدوڵا ئەیوب وتی " کۆتا کارت لەبەردەست ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیدا و بە دوو ڕێگە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە: بەرژەوەندیی نیشتیمانی یاخوود کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندایە بە بەکارهێنانی هێز."

ئەیوب وتی " هیچ گومانێک لە توانا و گەورە و پێشکەوتوویی سەربازیی ئەمەریکادا ناکرێت، بەڵام ئامادەکاری بۆ قوربانیدان لەپێناو نیشتیماندا یەکێکە لە فاکتەرە بەهێزەکانی سوپای عەرەبی سوریا."
ئەم لێدوانانەش ترسی ئەوەیان لێدەکەوێتەوە دوای شکست هاتنی داعش لە سوریادا گرژییەکی نوێ دەستپێبکاتەوە، ئەمەش لەگەڵ هەوڵەکانی ئەسەددا بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی دوو ناوچەی گەورە کە لەژێر دەسەڵاتیدا نەماوە. لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکایە کە هەوڵدەدات دەسەڵاتەکانی ئێران لەناوببات.