04:26 - 18/03/2019
كۆسرەت رەسوڵ دەستپێشخەری كاری هاوبەشو رێككەوتنی لەگەڵ كردووە
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار، كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەستپێشخەرییەكی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان كردووە، بەڵام دەستپێشخەرییەكەی رەتكراوەتەوە.
هەر بەپێی سەرچاوەكە، دەستپێشخەرییەكەی كۆسرەت رەسوڵ ئەوە بووە، یەكێتی و گۆڕان رێككەوتنێكی نوێ بكەن بۆ كاری هاوبەشی پێكەوەییو لەپەرلەمانەكانی كوردستانو عێراق فراكسیۆنی هاوبەش دروست بكەن.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە دەستپێشخەرییەكەی كۆسرەت رەسوڵ راستەوخۆ لەلایەن بەرپرسانی گۆڕان رەتكراوەتەوەو تەنانەت لەكۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەكەش باسكراوە، بەڵام لەو كۆبوونەوەیەش رەتكراوەتەوە، جارێكی تر لەگەڵ یەكێتی بچنە هیچ رێككەوتنێكەوە.
پێشتر گۆڕان دوو رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی واژووكرد، بەڵام بەبیانووی ئەوەی یەكێتی رێككەوتنەكان جێبەجێناكات، گۆڕان رێككەوتنەكانی هەڵپەساردو چەند جارێكیش دەستپێشخەری تری ئەو حیزبەی رەتكردووەتەوە بۆ رێككەوتن.
پەیسەرپرێس ئەوەشی زانیوە، رەتكردنەوەكانی گۆڕان بۆ دەستپێشخەرییەكەی ئەم جارەی كۆسرەت رەسوڵو دەستپێشخەرییەكانی پێشووش، پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە متمانەیان بە بەرپرسانی یەكێتی نەماوەو جەختیانكردووەتەوە، پێویست ناكات جارێكی تر ئەزموونی رێككەتن لەگەڵ یەكێتی تاقیبكەنەوە.