کوردستان

10:53 - 18/03/2019

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دوایین بڕیار ده‌دات‌

پەیسەر

بڕیار وایه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆببێته‌وه‌، دوایین بڕیار له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم بدات.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ دراوه‌ به‌په‌یسه‌رپرێس، بڕیار وایه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی مه‌سعود بارزانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی كۆببێته‌وه‌.

پێشتر مه‌سعود بارزانی په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی كردبوو كه‌ تیایدا هاتبوو، تا كۆتایی ئەم مانگە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار دەكەنەوە و رۆژی 27ی ئازاریشیان وەك وادەی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم دیاریكردووە.

په‌یامه‌كه‌ی پارتی وه‌ك دوایین قسه‌ی بارزانییه‌ بۆ یه‌كێتی، كه‌  چیتر چاوه‌ڕوانی ئه‌و حیزبه‌ ناكات گه‌ر كێشه‌ ناخۆییه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر نه‌كات و كاندیده‌كانی بۆ پۆسته‌كان یه‌كلایی نه‌كاته‌وه‌.

له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتییه‌وه‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌وه‌ی به‌ په‌یسه‌ر راگه‌یاند: بڕیاربوو پێشتر ئەو كۆبونەوەیە بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا یەكێتی وەڵامی كۆتایی پارتی نەداوەتەوە كۆبونەوەكە دواخراوە.

هه‌روه‌ها دەڵێت، تا ئەوكاتە یەكێتی وەڵامی پارتی دەداتەوە جا یان لەرێگەی كۆبونەوەی دووقۆڵیەوە یان لەرێگەی نامەی فەرمیەوە بێت، ئه‌وا پارتی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی دوایین بڕیار دەربارەی پرسی حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی هەرێم ده‌دات.