کوردستان

12:09 - 17/03/2019

زانیاری لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەحكومەتی عێراق دەدرێت‌

پەیسەر

چەند بەرپرسێكی كورد لەبەغدا زانیاری گرنگیان لەسەر دەرهێنان‌و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان داوەتە بەرپرسانی عێراق‌و لەو بارەشەوە داوای لێكۆڵینەوە دەكرێت.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "عربی الجدید" ئەو بەرپرسە كوردانە بۆ بەرپرسانی عێراق ئاشكرایانكردووە، كە پارەی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە دەكرێت‌و دەفرۆشرێت، دەخرێتە سەر ئەژماری بانكی چەند بەرپرسێكی حیزبی لەهەولێرو بەغدا، ئەوەش لەبانكە جیاوازەكانی ئەوروپاوە.

هەر بەپێی رۆژنامەكە، بەشێكی تر لەپارەی داهاتی نەوت دەگەڕێنرێتەوە هەرێمی كوردستان نازانرێت چارەنووسی چی لێدێت، كە گومان كراوە ئەو پارە لەبەرژەوەندی كەسی‌و حیزبی بەكاربهێنرێت.

هەروەها رۆژنامەكە ئەوەی ئاشكراكردووە، لایەنی ئەمریكی لەهەرێم چاوپۆشی لەهەناردەی نەوت بەشێوەی قاچاغ دەكەن، چونكە ئەو نەوتە دەنێرێتە ئیسرائیل‌و ئەو وڵاتە بەنرخێكی هەرزانتر دەیانكرێت، كە ئەوەش هەنگاوێكە بۆ رێگری لەهەناردەی نەوتی هەرێم بۆ ئێران‌و واشنتنیش پشتگیری دەكات.

لەبەرانبەر ئەو زانیارییانە، كە ئێستا گەیشتووە بە بەرپرسانی عێراق داواكارییەكی زۆر لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دروست بووە، بۆ ئەوەی دەست بەلێكۆڵینەوە بكات‌و رێگری لەهەناردەی نەوت بەو شێوەیە بكرێت.

لەو بارەوە بەرپرسێكی عێراقی، كە ناوی بڵاونەكراوەتەوە بۆ رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، چەند كوتلەیەكی سیاسی داوایان لەحكومەتی عێراق كردووە لێكۆڵینەوە لەهەناردەی ئەو نەوتە بكرێت‌و جەختیشیان كردووەتەوە، كە دەبێت سنوورێك بۆ رێگری لەبەقاچاغبردنی نەوتی هەرێم بكرێت.

ئەو بەرپرسە ئاشكراشیكردووە، ئێستا زۆرێك لەپەرلەمانتارانی عێراق هاتوونەتە سەر هێڵ‌و داوا دەكەن، لێكۆڵینەوە لەناوی ئەو بەرپرسانە بكرێت، كە دراوە بەلایەنی عێراقی.

بەرپرسەكە هەروەها ئاشكرایكردووە، بەپێی زانیارییەكانی بەرپرسانی كورد ئێستا بەقاچاغبردنی نەوت لەرێگەی چەند گروپێكی مافیایی ئەنجامدەدرێت‌و زۆربەی ئەو نەوتەش دەبرێتە توركیاو لەوێوە رەوانەی وڵاتانی تر دەكرێت.

ئەو نەوتەی هەناردە دەكرێت، نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی نێوان كەركوك و كۆیەیە لەبیرە نەوتەكانی بابەگورگور‌و كیڵگە نەوتییەكانی باشووری رۆژهەڵاتی هەولێر، كە رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت‌و داهاتەكەی دیار نییە.

باس لەوەش كراوە، هەندێكی نەوتەكە لەرێگەی بۆرییەوە هەناردە دەكرێت‌و هەندێكی تریشی بەتانكەر دەبرێتە بەندەری مێرسین‌و جیهانی توركی‌و دواتر بەنرخی هەرزانتر لەبازاڕ بەكۆمپانیا بیانییەكان دەفرۆشرێت.

بەقسەی بەرپرسە عێراقییەكانی زیادبوونی ناكۆكی و ململانێی نێوان حیزبە كوردییەكان وایكردووە ئەو جۆرە زانیارییانە لەسەر بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێم بدرێت بە بەرپرسانی عێراقی‌و زۆربەی ئاماژەكانیش بۆ ئەوەن داهاتی نەوتی هەرێم زیاتر بۆ پارتی دیموكراتە.