کوردستان

04:15 - 16/03/2019

مەكتەبی سیاسی یەكێتی شكستیهێنا‌

پەیسەر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان شكستیهێنا لەرازیكردنی رێواس فایەق‌و بێگەرد تاڵەبانی، بۆ ئەوەی یەكێكیان لەكاندیدبوون بۆ سەرۆكی پەرلەمان پاشەكشە بكات.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی ئەمڕۆ شەممە كۆبووەوە، كە كۆبوونەوەكە لەسەر داوای پارتی بووە، كە بەفەرمی داوای لەیەكێتی كردووە بەشداری كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان بكات‌و كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكی پەرلەمان یەكلابكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری مەكتەبی سیاسی یەكێتی دراوە بەپەیسەرپرێس، هۆكاری بەشداریكردنی رێواس فایەق‌و بێگەرد تاڵەبانی لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پەیوەندی بەو داواكارییەوە هەبووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەپێش كۆبوونەوەكەو لەناو كۆبوونەوەكەش ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوایان لەرێواس فایەق‌و بێگەرد تاڵەبانی كردووە، كە یەكێكیان لەكاندیدبوون بكشێنەوە، بەڵام داواكارییەكەیان رەتكردووەتەوەو سووربوونی خۆیان راگەیاندووە، بەوەی دەبێت كاندید بكرێن بۆ سەرۆكی پەرلەمان.

رێواس فایەق‌و بێگەرد تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتین‌و لەوەتەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ حیزبەكەیان یەكلابووەوە، لەكێبڕكێدان بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرن، كە ئەوەش كێشەی لەناو حیزبەكە دروست كردووە.

پێشتر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەهۆی ئەوەی لە دانیشتنی 18ی مانگی رابردوو ڤالا فەریدیان وەك سەرۆكی پەرلەمان  دیاریكرد، یەكێتی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كردووە و تا ئێستا بەشداری هیچ دانیشتنێكی پەرلەمانی نەكردووە.

پارتی دیموكراتی كوردستانیش بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم مەبەستییەتی یەكێتی بەشداری دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمان بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەگەیشتوون بەدیاریكردنی كاندیدێك، ئەستەمە فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بكات.