12:51 - 16/03/2019
خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەیەك دەخاتە بەردەم جڤاتی گشتی و نیشتیمانی
خانەی راپەڕاندن بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەیەكی ئامادەكردووە و پڕۆژەكەش ئەمڕۆ لەلایەن جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تاوتوێ دەكرێت و سبەینێش بۆ هەمان پرس جڤاتی نیشتیمانی كۆدەبێتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتوە، پڕۆژەكەی خانەی راپەڕاندن بۆ دیاریكردنی كاندیدەكان تا نوێنەرایەتی گۆڕان بكەن لە كابینەی نوێ.
پڕۆژەكە باس لەوەدەكات كە لیژنەیەكی حەوت كەسی لە خانەی راپەڕاندن و جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتیمانی پێكبهێنرێت، تا ئەو لیژنەیە كاندیدەكان دیاریبكەن و رەوانەی جڤاتی نیشتیمانی بكەن بۆ دەنگدان لەسەری.
بەپێی زانیارییەكان لەناو پڕۆژەكەی خانەی راپەڕاندا، پێوەرەكانی بڕوانامە و شارەزایی و رەگەز و جوگرافیا و تەمەن دیاریكراون تا لە ڕێیانەوە كاندیدەكان دیاری بكرێن.
بە پێی پڕۆژەكە پاش دیاریكردنی كاندیدەكان لەلایەن لیژنەكەوە، ئەو كاندیدانە رەوانەی جڤاتی نیشتیمانی دەكرێت تا لەوێ متمانەیان پێ بدرێت یان رەفز بكرێنەوە و كەسی دیكە بۆ پۆستەكە دیاریبكرێت.
بە پێی رێككەوتنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، پشكی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێ بریتیە لە جێگری سەرۆكی هەرێم و چوار وەزارەت و (16 تا 22) بریكاری وهزیر و بهڕێوهبهری گشتی و سێ نوێنهرایهتی حكومهتی ههرێمی كوردستان له دهرهوه.