10:53 - 14/03/2019
كۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ لایەنەكان دەست پێدەكاتەوە
بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە و ئامانجی ئەو حیزبەش ئەوەیە، پێشنیارە نوێكانی یەكێتی تاوتوێ بكات.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان، دەیەوێت هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت چڕ بكاتەوە و لەو روەشەوە لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییەكان، ئامانجێكی دیكەی كۆبوونەوەی پارتی لەگەڵ لایەنەكان دیراسەكردنی پێشنیارە نوێكەی یەكێتی یەكێتییە كە دەیەوێت وەڵامی ئەو حیزبە بداتەوە.
پێشتر پەیسەرپرێس ئەوەی بڵاوكردبووە كە یەكێتی لەبارەی پۆستەكانەوە، دوو پێشنیاری بۆ پارتی كردبوو كە پێشنیاری یەكەم بریتی بوو لەوەی، یەكێتی جێگری سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی هەرێم و پێنج وەزارەت وەربگرێت كە وەزارەتی ناوخۆی لەگەڵ بێت، هەروەها بریكاری وەزیری سامانەسروشتیەكان وەربگرێت.
پێشنیاری دووەمیش یەكێتی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و پێنج وەزارەت وەربگرێت كە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و تەندروستی و شارەوانی و خوێندنی باڵا و كشتوكاڵ بێت، لەگەڵ بریكاری وەزارەتەكانی سامانەسروشتیەكان و ناوخۆ.
سەرچاوەكە دەڵێت، پارتی دەیەوێت لەهەفتەی داهاتوودا جارێكی تر لەگەڵ یەكێتی كۆببێتەوە ئەگەر بگاتە ئەنجام ئەوە سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامیش دەكات، هەنگاوەكانی پارتی لەكاتێكدان شەوی رابردوو هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند دەیانەوێت تاكۆتایی ئەم مانگە كابینەی حكومەت پێكبهێنن و ئەوەشیان بەیەكێتی گوتووە.
رۆژی 4ی ئەم مانگە یەكێتی و پارتی رێككەوتنێكیان دەربارەی پێكهێنانی حكومەت واژۆكرد، بەڵام دواتر یەكێتی بەهۆی كێشەی ناوخۆیەوە نەیتوانی رێككەوتنەكە جێبەجێ بكات.