کوردستان

11:49 - 29/11/2018

توركیا دەستخۆشی لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات‌

پەیسەر

ئەمڕۆ پێنجشەممە كونسوڵی گشتی توركیا لە هەولێر دەستخۆشی خۆی ئاراستەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كرد، سەبارەت بەوەی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستانی داخستووە.

 

لە پەراوێزی كۆبوونەوەی حیزبە توركمانییەكانی هەرێمی كوردستانی عیراق كونسوڵی توركیا هاكان كاراچی ڕایگەیاندووە" بێگومان بوونی توركمانەكان لە حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە."

كونسوڵی گشتی توركیا دەستخۆشی خۆی ئاراستەی ئاسایشی سلێمانی كرد بەوەی بارەگاكانی تەڤگەری ئازادی سەربە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)داخستووە و گوتی" لە ڕاستیدا هەنگاوی داخستنی ئەو بارەگایانە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان گرتوویەتی بەر، هەنگاوێكی ڕاستە."
ئەوەشی خستە ڕوو"ئەم هەنگاوە بەس نییە، دەبێت هەنگاوی دیكەی بە شوێندا بێت ئەویش داخستنی سەرجەم بارەگاكانی ڕێكخراوە تیرۆرستیەكانە لە سلێمانی."

پێشتر به‌ بڕیارێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئیمزای قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، بڕیاردرا به‌ داخستنی سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌زگاو رێكخراوانه‌ی كه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمیان نییه‌، ئه‌م بڕیاره‌ش دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان یه‌كێتی نیشتیمانی و توركیا هاته‌ ئاراوه‌.

میدیاكانی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌ ڤیدیۆی چونی ئاسایش بۆ سه‌ر باره‌گای ته‌ڤگه‌ری ئازادی له‌ شاری كه‌لاریان بڵاوكرده‌وه‌:

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی داخستنی باره‌گاكانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی، ئەمشەو لە شاری كەلاری لە لایەن هێزەكانی ئاسایشەوە بارەگاكانی تەڤگەری ئازادیان داخران و چوار ئەندامی تەڤگەر لەناو بیناكەدا دەستبەسەركران. ئەمڕۆش وەكو هاوسۆزی بۆ ئەو كارە بڕیاروابوو خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی بە مەبەستی داخستنی بارەگاكان ڕێكبخرێت بەڵام لە لایەن ئاساییشی گەرمیانەوە ڕێگەیان پێنەدرا.