کوردستان

11:20 - 13/03/2019

داواكارییه‌كانی یه‌كێتی جیاواز بووه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی‌

پەیسەر

یەكێتی لەكۆبونەوەكەی دوێنێ سێشه‌ممه‌ی لەگەڵ پارتی پێشنیاری نوێی دایە ئه‌و حیزبه‌ و نایه‌وێت رێككه‌وتنه‌كه‌ی پێشووی له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، لەكۆبونەوەكەی دوێنێ یەكێتی و پارتیدا ، یەكێتی دوو پێشنیاری نوێی خستۆتە بەردەم پارتی كە هیچ پەیوەندیان بەرێككەوتنی پێشووەوە نیە.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، پێشنیاری ئەوەبووە یەكێتی جێگری سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی هەرێم و پێنج وەزارەت وەربگرێت كە وەزارەتی ناوخۆی لەگەڵ بێت، هەروەها بریكاری وەزیری سامانەسروشتیەكان وەربگرێت.

پێشنیاری دووەم یەكێتی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و پێنج وەزارەت وەربگرێت كە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و تەندروستی و شارەوانی و خوێندنی باڵا و كشتوكاڵ بێت، لەگەڵ بریكاری وەزارەتەكانی سامانەسروشتیەكان و ناوخۆ.

سەبارەت بەوەڵامی پارتیش سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، پارتی رایگەیاندووە دوای دیراسەكردنی لەناو پارتی و گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان وەڵامیان دەدەنەوە.

یه‌كێتی و پارتی له‌ رۆژی 4ی ئازار رێككه‌وتنامه‌یه‌كیان واژوو كرد، به‌ڵام به‌هۆی كێشه‌ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌ نه‌توانراوه‌ تا ئێستا ئه‌و رێكه‌وتنامه‌یه‌ له‌ پێكهێنانی حكومه‌تدا ره‌نگبداته‌وه‌، یه‌كێتیش ده‌یه‌وێت به‌ زیادكردنی چه‌ند پۆستێك له‌ كابینه‌ی نوێ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی خۆی پێ چاره‌سه‌ر بكات و پۆسته‌كان به‌سه‌ر باڵه‌ جیاوازه‌كانیاندا دابه‌شبكه‌ن.