کوردستان

11:09 - 13/03/2019

زانیاری نوێ‌ لەبارەی بردنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار‌

پەیسەر

فەرمانبەرێكی نەخۆشخانەی شار هەماهەنگی ئەو باندە حەوت كەسییەی كردووە، كە پارەی موچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شاریان دزیوە.

رۆژی سێشەممە باندێكی حەوت كەسی، كە چەكیان پێبووە، لەگەڕەكی مەڵكەندی هەڵیان كوتایە سەر ئۆتۆمبیلێك، كە پارەی موچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شاری تێدا بوو، دواتر پارەكەیان دزی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەكی تایبەتی ئەمنی دراوە بەپەیسەرپرێس، جگە لەو باندە حەوت كەسییە، كەسێك، كە فەرمانبەر بووە لەنەخۆشخانەی شارو لەبەشی ژمێریاری بووە، هەماهەنگی باندەكەی كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، ئەو كەسە تەواوی وردەكاری كاتی چوونی لیژنەی وەرگرتنی موچەی بۆ بانكەكە داوە بەباندە حەوت كەسییەكەو ئەوانیش بەهۆی ئەو زانیارییانەی وەریانگرتووە، توانیویانە ئاگاداری جموجوڵی لیژنەكە بن.

لەدوای 12 سەعات لەبردنی پارەكە، هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی رایانگەیاند، كە توانیویانە ئەو كەسانە دەستگیربكەن پارەكەیان بردووەو دەستیان بەسەر پارەكەش لەماڵێك گرتووەتەوە.

لەبارەی چۆنییەتی شوێنپێهەڵگرتنی باندەكە، ئەو سەرچاوە ئەمنییە بۆ پەیسەرپرێس ئاشكراكرد، كە هێزەكانی دژەتیرۆر، رۆژی سێشەممە سەعات حەوتی ئێوارە چوونەتە شوێنی رووداوەكەو لەرێگەی چەند ئامێرێكی تایبەتەوە، زانیارییان لەسەر شوێنپێی باندەكە ئاشكراكردووە.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، زانیارییەكان دراوە بەهێزەكانی ئاسایش‌و پۆلیس‌و درەنگانێكی شەوی رابردوو بەپێی زانیارییەكان باندە حەوت كەسییەكەیان دەستگیركردووەو دواتریش ئەوە زانراوە، كارمەندێكی نەخۆشخانەی شار هاوكاری كردبوون‌و ئەویش دەستگیركراوە.

هاوكات ئەمڕۆ چوارشەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی عەمید حەسەن نوری بەرێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سەرەڕای راگەیاندنی دەستگیركردنی ئەو حەوت كەسە، ئاشكرایكرد، خەڵك هەبووە بەشێوەی راستەوخۆ ، یان ناڕاستەوخۆ هاوكاری باندەكەی كردووە، بەبێ‌ ئەوەی زانیاری زیاتر لەو بارەوە بخاتەڕوو.