06:26 - 11/03/2019
یەكێتی داوای دواخستنی كۆبونەوەی پەرلەمان دەكات
یەكێتی داوای دواخستنی كۆبونەوەی پەرلەمان دەكات و دەشیەوێت سبەینێ لەگەڵ پارتی كۆببێتەوە..
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەفەرمی داوای لەپارتی دیموكراتی كوردستان كردووە كۆبونەوەی رۆژی سێشەممەی پەرلەمانی كوردستان دوابخات تا ئەوكاتەی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەگەنە رێككەوتن.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت یەكێتی داوایكردووە كۆبونەوەی رۆژی سێ شەممەی پەرلەمان نەكرێت و لەبری ئەوە رۆژی سێ شەممە مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوە بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.
پێشتر پارتی و یەكێتی لە رێككەوتنی 4ی ئەم مانگە لەسەر ئەوە رێككەوتن كە سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی بێت بەڵام دواتر و بەهۆی ناكۆكیەكانی ناوخۆی یەكێتی ئەوحزبە لە وەرگرتنی سەرۆكی پەرلەمان پاشگەزبۆوە و داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەكات كە بەپێی رێككەوتنی 18ی شوبات بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلایی بۆتەوە.