11:54 - 11/03/2019
یەكێتی لەرێككەوتنی لەگەڵ پارتی پاشگەزدەبێتەوە
مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەرێككەوتنی لەگەڵ پارتی پاشگەزدەبێتەوە و دەیەوێت رێككەوتنەكەی پارتی و گۆڕانیش هەڵوەشێنێتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە لەكۆبونەوەكەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا دوای ئەوەی باڵی كۆسرەت رەسوڵ و ماڵی تاڵەبانی لەسەر ئەو پۆستە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بڕیاریانداوە پۆستەكە وەرنەگرن و دەست بكەنەوە بەگفتو لەگەڵ پارتی بۆ ئەوەی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان جێگری سەرۆكی هەرێمیان پێبدات.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، یەكێتی پێی وایە بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەق باڵی بەهێزی ناو یەكێتی نین و دەكرێت بەئەندامی پەرلەمان یان وەك ئەندامی سەركردایەتی بمێننەوە، بەڵام پێداگری عیماد ئەحمەد و حاكم قادر لەسەر وەرگرتنی پۆستی باڵا ئاڵۆزی دروستكردووە بۆیە یەكێتی لەكۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی بڕیاریداوە قوباد تاڵەبانی بەبێ ركابەر بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت كاندید بكات و پێداگریش لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ بكات بۆ دەربازكۆسرەت رەسوڵ و لەهەمان كاتیشدا حاكم قادر و عیماد ئەحمەد رایانگەیاندووە ئامادەن بەدەنگدانی سەركردایەتی یەكێكیان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەربگرێت و ئەوەی تریشیان پیرۆزبای لێ بكات، بۆیە پێداگری یەكێتی لەئێستادا لەسەر هەردوو پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەبێت كە بۆ گۆڕان یەكلایی كراوەتەوە هەروەها پۆستی وەزیری ناوخۆ كە پارتی بۆخۆی داناوە.
سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەشڵێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ناتوانێت هیچ كام لەباڵەكانی یەكێتی رازی بكات، هەروەها یەكێتی پێی وایە مادام پارتی دوو ئەندامی لەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەیە سەرۆكی پەرلەمان رۆڵێكی ئەوتۆی نابێت.
گۆڕانكاری لەداواكاری یەكێتی لەكاتێكدایە رۆژی 4ی ئەم مانگە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی رێككەوتنێكیان واژۆكرد بەپێی رێككەوتنەكەش پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی یەكلایی كرایەوە، و ژمارەیەك لەئەندامانی سەركردایەتی یەكێتیش رایانگەیاند، بەدەنگدان لەسەركردایەتی ئەوپۆستە یەكلایی دەكەنەوە، هەروەها رۆژی 18ی شوباتی رابردوو بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنێكیان دەربارەی بەشداری لەحكومەت واژۆكرد و بەپێی رێككەوتنەكەش جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دیاریكرا.